سایکۆلۆژیی بڕیاردان
PM:03:50:09/07/2024
3796 جار خوێندراوەتەوە
دانا مستەفا
+
-
وەکو دیارە
سایکۆلۆژی زانستێکی فراوانە و فرەلایەنە، یەکێک لەو لایەنە گرنگانەش، سایکۆلۆژیی بڕیاردان
و دروستکردنی بڕیارە، ئەم بەشەی دەروونزانی هەموو ئەو بابەتانە ئەگرێتەوە کە پەیوەندی
بە چۆنیەتی بڕیاردان و هەڵبژاردنی بژاردەکانی ژیانەوە هەیە.
لە راستیدا،
هەریەک لەئێمە لە ژیانی رۆژانەماندا، هەر لەو کاتەی لەخەو هەڵدەستین تا ئەو کاتەی
ماندوو دەبین و دەمانەوێت بنوین، رووبەڕووی کۆمەڵێکی زۆر بژاردە دەبینەوە، هەڵبژاردنی
هەر بژاردە یان ئەلتەرناتیڤێکیش، پێویستی بە بڕیاردان هەیە.
رەنگە هەموو بڕیارێک،
بەپێی گرنگی و کاریگەری دەرئەنجامەکانی وەکو یەک گرنگ و چارەنوسساز نەبن لە ژیانی
مرۆڤدا، بۆنموونە، هەندێک بڕیاری وەکو هەڵبژاردنی جۆرێک لە خواردن بۆ ژەمی بەیانی،
یان کڕینی جۆرێکی دیاریکراو لە مۆبایل وەکو هەڵبژاردنی کەسێک بۆ هاوسەری ژیان، یان
هەڵبژاردنی کۆلێژێک لە زانکۆ گرنگ و چارەنوسساز نین، هەندێک بڕیار زۆر گرنگن و کاریگەری
گەورە لە ژیانی داهاتووی مرۆڤدا دروست دەکەن.
بەختیار عەلی
لە رۆمانی"کەشتی فریشتەکاندا"، باس لە هەندێ سات دەکات لە ژیانی مرۆڤدا
هەرچەندە کورتن و خێرا تێدەپەڕن بەڵام، کاریگەری زۆر گەورە لەژیاندا دروست دەکەن،
ئەو ساتانە مێژویین و دووبارە نابنەوە، ئەمە ئەو ساتانەن مرۆڤەکان بڕیاری چارەنوسسازی
تیادا دەدەن.
هەڵبەتە لەم
کورتە نوسینەدا ناتوانم باس لە هەمو لایەن و سوچ و قوژبنێکی سایکۆلۆژی دروستکردنی بڕیار
بکەم، چونکە بابەتەکە فرەڕەهەندە و دیراسە و توێژینەوەی زانستی زۆر لەسەر کراوە، تەنهادەمەوێت
ئاماژە بە دوو کۆنسێپت بدەم لەم بوارەدا، ئەوانیش کۆنسێپتی سیستیمی یەک و سیستمی
دووە لە بڕیارداندا.
لە کتێبی"بیرکردنەوەی
هێواش و بیرکردنەوەی خێرا" (دانیاڵ کانێمان٢٠١٢) بە دوورو درێژی باس لە دووجۆر
لە سیستمی بڕیاردان دەکات، سیستمی یەک وە سیستمی دوو.
سیستمی یەک سیستمێکی
خێرا و ئۆتۆماتیکیە، پشت بە حەدەس و سۆز و عاتیفە و هەست دەبەستێت،کاتێک مرۆڤ بە سیستمی
یەک بڕیار دەدات، بە خێرایی بڕیار دەدات و زۆر بیرناکاتەوە، گەیشتن بەبڕیار لەم
کاتەدا زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری نەست و لاشعورەوە، زۆربەی زۆری ئەو بڕیارانەی
کە مرۆڤ لە ژیانیدا دەیدات پشت بەم سیستمە دەبەستێت چونکە سروشتی مرۆڤ وا خولقاوە
کە خێرایی و ئۆتۆماتیکیبوون ماهیەتێکی گرنگی هەیە بۆ بەردەوامبوونی ژیان، ئەگەر بگەڕێینەوە
بۆ مێژوو ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو مرۆڤانەی توانیویانە خێرا بڕیار لەسەر شتانێک
بدەن کە گرنگ بوون بۆ بەردەوامبوونی ژیان، بۆ نموونە دڵنیایی و سەلامەتی شوێنێک بۆ
نیشتەجێبوون یان ناسینەوەی ئاژەڵێکی مەترسیدار، چانسی مانەوەیان زیاتر بووە لە کەسانێک
لە ناسینەوەی ئەم جۆرە مەترسیانەدا هێواش و خاوبوون، بەدەر لەمەش، مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەک
کاردەکات کە پاراستنی کات و وزە یەکێکە لە ئامانجە گەورەکانی ژیان، سیستمی دوو لە بڕیارداندا
پێچەوانەی سیستمی یەکە، هێواش و ئەنالیتیکیە، پشت بە شیکردنەوە و لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە
و هەڵسەنگاندن دەبەستێت، توێژینەوە زانستیەکان، دانانی نەخشە و پلانی بیناسازی، هەوڵدان
بۆ چارەسەرکردنی پرسیارێکی ئاڵۆزی ماتماتیک، هەموو ئەمانە نموونەن لە بەکارهێنانی
سیستمی دووی بیرکردنەوە و بڕیارداندا، هەرچەندە سیستمە خێرا و ئۆتۆماتیکیەکەی بڕیاردان
زۆربەی جار مرۆڤ بەبڕیاری راست و دروست دەگەیەنێت، بەڵام هەندێکجار تێگەیشتن و بڕیاری
هەڵەی لێدەکەوێتەوە، لەبەر ئەوە جێگەی خۆیەتی مرۆڤ پێش هەر بڕیارێکی گەورە و چارەنوسساز
پەنا بۆ سیستمی دووەم ببات، سەرباری ئەمەش، لێکدانەوەی قوڵ و بیرکردنەوەی هێواش هێشتا
ناتوانن گەرەنتی راستی و دروستی بڕیارەکانی مرۆڤ دەستەبەر بکەن.
لەسەروبەندی
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا، هەر تاکێکی کورد، کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا
دەکات،دەکەوێتە بەردەم دوو رێگەی بڕیاردانەوە، رێگەیەکیان ئەوەیە کە دەنگدەری کورد
پشت بە سیستمە خێراکەی بڕیاردان ببەستێت و بێ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن دوای سۆز و
عاتیفە بکەوێت و ئەو کەس و لایەنە هەڵبژێرێت کە رەنگە ئەگەر بە هێواشی و بە هەڵسەنگاندن
و بەکارهێنانی لۆجیک بڕیار بدات هەرگیز، ئەو لایەن و کەسە هەڵنەبژێرێت، بۆیە جێی خۆیەتی
هەریەک لە ئێمە پێش هەر بڕیاردانێک نەختێک بە قووڵی بیر بکەینەوە.