بۆ ده‌بێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ین؟
PM:08:54:04/07/2024
2332 جار خوێندراوەتەوە
هەندرێن شێخ راغب
+
-
كرده‌ی ده‌نگدان و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن
له كات و ساتی خۆیدا، له هه‌رێمی كوردستان ده‌مێكه شكستی هێناوه، بۆیه به‌شێكی
زۆر له هاوڵاتیان بایكۆتكردنی ده‌نگدان و به‌شداری له هه‌ڵبژاردنیان هه‌ڵبژاردووه
و بۆچوونیان وایه كرده‌ی به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ خۆی شه‌رعیه‌ت به‌خشینه‌وه‌یه
به‌م جۆره واقعه‌ی ئێستا هه‌یه كه به‌رپرسی دروستبوونی قه‌یرانه‌كانه.
به‌ڵام بابه‌ته‌كه دیوی دیكه‌ی زۆری هه‌یه، ته‌نها هه‌ر ئه‌وه‌نده نیه،
كه ده‌بێت باسی بكه‌ین، ئێمه ده‌زانین هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان بڕوایان به دیموكراسی
نییه، هێزی ده‌سه‌ڵات و پاره و به‌رژه‌وه‌ندین، بۆیه هه‌تا دێت كرده‌ی دیموكراتیزه‌كردن
و پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن بێبه‌ها ده‌كرێن، ته‌نانه‌ت خودی كوالێتی په‌رله‌مانیش زۆر
بێبه‌ها كراوه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا بابه‌ته‌كه وازهێنانه له هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی
دیموكراسی و ئامانج چه‌سپاندنی جمهوریه‌تی ویراسی، ئه‌وه‌ی له كوردستان ده‌گوزه‌رێت
چه‌سپاندنی ته‌واوه‌تی جمهوریه‌تی ویراسییە، بۆیه باشترین به‌رگری بۆ ئه‌وه‌ی ببینه
خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی نیشتمانی و به‌هێز ئه‌وه‌یه، یان كوده‌تا و تفه‌نگ و
توندوتیژی به‌كاربێنین، یان كوردستان بپارێزین و به ده‌نگدان و سندوقی ده‌نگدان
ئه‌م ئامانجه به‌دی بهێنین، كه بۆچوونی من وایه له بری سندوقی فیشه‌ك، ده‌بێت سندوقی
ده‌نگدان هه‌ڵبژێرین.
هه‌رێمی كوردستان له دۆخێكی ته‌واو ناجێگیرو پڕ ئه‌گه‌ردا گوزه‌ر ده‌كات،
ده‌توانین به‌هۆی پرۆسه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ی ناوخۆیی كه هه‌ڵبژاردنه گۆڕانكاری جه‌وهه‌ری
بكه‌ین، بۆیه گرنگه كرده‌ی هه‌ڵبژاردن بێبایه‌خ نه‌كه‌ین و وه‌كو ئامرازی گۆڕانكاری
سه‌یری بكه‌ین، هه‌ر بۆ نموونه توركیای دراوسێمان كه ده‌وڵه‌تێكی شۆڤێنی نه‌ژادییه،
به‌ڵام بۆ هه‌ناوی ناوه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی تورك، به‌رده‌وام هانا بۆ دیموكراسی ده‌به‌ن
و له‌رێگای سندوقی ده‌نگدان ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و ته‌نانه‌ت گۆڕینی سیسته‌میش ئه‌نجام
ده‌ده‌ن، یان سه‌یری ئێرانی دراوسێمان كه ده‌وڵه‌تێكی مه‌زهه‌بیی دینییه و ته‌نانه‌ت
دیارده‌ی دیموكراسی پێ حه‌رامه، كه‌چی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی سه‌رۆكایه‌تی
وڵات هانا بۆ سندوقی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن ده‌بات، له‌م عێراقه‌ی كه ئێمه هه‌رێمێكی
فیدڕاڵین، له‌ماوه‌ی ئه‌م پێنج شه‌ش ساڵه نزیكه‌ی چوار سه‌رۆك وه‌زیرانیان گۆڕی و
چه‌ندین هه‌ڵبژاردنیان به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام دا، كه‌واته ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت
هه‌رێمێكی كوردستانی به‌هێز بونیاد بنێینه‌وه، له‌بری دروستكردنی جمهوریه‌تی ویراسی،
ده‌بێت ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سندوقی ده‌نگدان بكه‌ینه پێوه‌ر.