سەردێڕ:

چیرۆکی شەریف و رۆستەم

PM:04:21:02/02/2024
7960 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

 

شەڕ تەنها شەڕی باروت چەکی گەرم نییە، بەڵکو چەندین جۆر شەڕی دی وەک جەنگی ئابووری، سیاسی، کلتوری و سایکۆلۆژی، بۆ لەناوبردنی بەرامبەر بەرپا دەکرێت کە کورد هەمووی بەرەوروو کراوەتەوە و هەموویمان ئەزموون کردووە.

ئەوەی ئێستا لە درۆنەکان،ڕاگرتن و بڕینی بودجە و موچە، ڕۆستەم وشەریف تەواوکەری جەنگێکی بەردەوامن دژی کورد .

لە لایەکی دیکەشەوە، نالۆژیکییە، گەر پێمان وابێت، کە حیزب، حکومڕانی و کۆمەڵگەی کوردیی لە پڕۆسەی گەشەکردندا، بێ کەموکورتییە. بەدڵنیاییەوە هەڵەین، لە هەموو کایەکاندا نوقمی کەموکوڕییە و دەکرێ ڕەخنەی جدی ڕووبەڕوو بکرێتەوە بەتایبەتی لەسەر بژێوی و ژیان و گوزەرانی خەڵک کە لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، کە ئێمە لە هەمبەر ئەم کەموکوڕییانە، خۆمان بە لۆژیکی تۆڵەکردنەوەبارگاویی بکەین وەک دوژمن بیر بکەینەوە،واتە بکەوینە ژێر کاریگەری مەنتقی دوژمن.

لیستی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێ کەم وکورتی زۆریشی تێدا بووبێت، بەڵام بڵاوبوونەوە یان بڵاوکردنەوەی و دروستکردنی چیرۆکی شەریف و ڕۆستەم. بەو شێوەیەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەشان کرا، جگە لە شەڕی زیهنی دژی کۆمەڵگەی کوردی و تاکی کوردی هیچی دیکە نەبوو، وەک چەکێکی کلتوری و سایکۆلۆژی، دژمان بەکار هێنرا.

ئەو شەڕە زیهنییە، پاڵپشتە بۆ شەڕە سیاسی و ئابورییەکە چونکە شەڕی زیهنی لە شەڕی سەربازی ترسناکتر نەبێ کەمتر نیە بۆیە پێناچێت دانانی ناوی ڕۆستەم و شەریف لەخۆڕا و بێ ئەجیندا بێت کران بەسیمبول و ئایکۆنی گەندەڵی بەڵکو ئەقڵێکی ستراتیجی لەپشت هەڵبژاردنی ئەو دوو ناوەوە هەیە.ناوی ڕۆستەم و شەریف، کە لە ناوکۆمەڵگەی کوردیدا مانایەکی تایبەتیی هەیە ئاماژەن بۆ خۆڕاگری و فەزیلەت زیاتر لە ئەدەبیاتی بەرگرییدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

ڕۆستەم لەکۆمەڵگەی کوردیدا، ناونیشان بووە بۆ ئازایەتی کەسێک بوێرو ئازا بوایە پێیان دەگوت دەڵێی ڕۆستەمە (مەبەست ڕۆستەمی زاڵ )یان کەسێک خانەدان و خاوەن فەزڵ بوایە، دەیانگوت پیاوێکی شەریفە.

دروستکردنی چیرۆکی شەریف و ڕۆستەم و زەق کردنەوەی ئەم دوو ناوە چڕکردنەوەی هەموو ئاریشە سیاسی و ئابوورییەکان لەم دوو ناوە سیمبولییەدا، بەشێکە لەو شەڕەی لە ناوچەکەدا دژی کورد بەڕێوە دەچێت.

بۆ ئەوەی دۆخێکی دەرونی دروست کات کە تاکی کورد بچێتە دۆخی نەفرەت لەخوود ئەمەش وەک چیرۆکە غەمگینەکانی دیکە دەچێتە خانەی برینەکانی دیکە، تراژیدیایەکە لە فۆرمی کۆمیدیا.


گەلەری