مۆدریچ لە تەمەنی 40 ساڵیدا خواستی زۆری لەسەرە

PM:02:30:14/11/2025

180 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یانەکانی دەرەوەی ئەوروپا بەجددی هەوڵی گواستنەوەی مۆدریچ دەدەن و میلانیش دەیەوێت بمێنێتەوە.

لۆکا مۆدریچ لەگەڵ پەیوەندیکردنی بە ئەی سی میلانەوە بەتەواوی درەوشاوەتەوە و لە کۆی 990 خولەکی یانەکە 965 خولەک یاریکردووە و لە 11 یاریدا لە خولی ئیتاڵیا خاوەنی گۆڵێک و دوو ئەسیستە، هەر ئەمەش وایکردووە رۆژنامە ئیتاڵییەکان بەردەوام ستایشی بکەن.

میلان کە وەرزی ڕابردوو پلەی هەشتەمی بەدەستهێنا، ئێستا لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی خولی ئیتاڵیادایە و تەنها دوو خاڵ لە ئینتەر میلانی پێشەنگەوە دوورە، ئەستێرە 40 ساڵانەکەش یەکێکە لە هۆکارەکانی باشبوونی ئاستی یانەکە.

ئەم ئاستە سەرنجڕاکێشەی ئەستێرە کرواتییەکە سەرنجی یانەکانی دەرەوەی ئەروپای راکێشاوە، پێگەی کالچیۆ مێرکاتۆی ئیتاڵیش بڵاویکردووەتەوە، لە ئێستاوە چەند یانەیەکی سعودیە و قەتەر ئارەزووی گواستنەوەی لۆکا دەکەن، وە بژاردەکان جددی دەبن چونکە یاریزانەکە داهاتوو و تەمەنی خۆی لەبەرچاو دەگرێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا میلان خواستی ئەوەی هەیە گرێبەستی مۆدریچ تا هاوینی 2027 درێژبکاتەوە، وە یاریزانەکەش نیازی وایە پاش کۆتایی پێهاتنی ئەم وەرزە بڕیار لەسەر داهاتووی بدات.