پاڵاوتنی مۆندیال.. فەرەنسا و ئینگلتەرا بردیانەوە

AM:12:49:14/11/2025

260 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال فەرەنسا گۆڵبارانی ئۆکرانیای کرد و ئینگلتەرا لە سربیای بردەوە.

لە یارییەکانی قۆناغی پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2026، فەرەنسا میوانداری ئۆکرانیای کرد.

تایمی یەکەم، کەڵەشێرەکان کۆنترۆڵی یاریگایان کرد، بەڵام ئۆکرانیا بەرگرییەکی بەهێزی کرد و رێگری لە هێرشەکانی فەرەنسا کرد، نیوەی یەکەمیش بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.

لە تایمی دووەم، بەرگریی ئۆکرانیا لەبەرامبەر بەهێزی فەرەنسا شکستی هێنا و کیلیان مباپێ و مایکل ئۆلیسێ لە خولەکەکانی 55 و 76 دوو گۆڵیان تۆمارکرد کە یەکەمیان بە لێدانی سزابوو.

تیپەکەی دیشامپ لە هێرشەکانی بەردەوامبوو، لە خولەکی 83 مباپێ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و لە خولەکی 88یش ئیکیتیکێ واژۆی لەسەر گۆڵی چوارەم کرد.

سەرەنجام یارییەکە بە چوار گۆڵی بێوەڵام لە سودی فەرنسا کۆتاییهات، کەڵەشێرەکان بە 13 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەیان گرتووە و لە مۆندیالی داهاتوون.

لە یارییەکی دیکەی قۆناغی کۆمەڵەکان، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە دوو گۆڵی ساکا و ئیزێ بردنەوەی بەسەر سربیا بەدەستهێنا.