AM:01:19:06/11/2025
148 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لە چامپیۆنز لیگ مانچستەر سیتی بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە دۆرتمۆندی بردەوە و بەنفیکا بە لیڤەرکوزن دۆرا.
لە یارییەکی خولی سێیەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنز لیگ، یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی و بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی لە یاریگای ئیتیحاد بەیەکگەیشتن.
تایمی یەکەم، سیتی باشتر دەرکەوت و لە خولەکەکانی 22 و 29 دوو گۆڵیان لە رێگەی فۆدین و هالاند نوسییەوە و ئەو تایمەیان لە سودی خۆیان تەواوکرد.
لە تایمی دووەم، تیپەکەی گواردیۆلا لەسەر هەمان ریتم بەردوامبوو لە خولەکی 57 فۆدین گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی هێنایە بەرهەم، دۆرتمۆندیش لە خولەکی 72 لە رێگەی ڤالدیمار ئەنتۆن تاکە گۆڵی خۆی تۆمارکرد.
مان سیتی بە پشتبەستن بە یاریگا و هاندەرانی لە هێرشەکانی بەردەوامبوو، تا ئەو کاتەی شەرقی لە خولەکی 90 گۆڵی چوارەمیشی تۆمارکرد.
سەرەنجام یارییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سودی مان سیتی کۆتاییهات، بەم ئەنجامە سیتی بە 10 خاڵ لە پلەی چوارەمە و دۆرتمۆند پلەی 14ی گرتووە.
لە یارییەکی دیکەی هەمان قۆناغ، لیڤەرکوزنی ئەڵمانی بە تاکە گۆڵێکی پاتریک چیک شکستی بە بەنفیکای پورتوگالی هێنا.