AM:01:19:06/11/2025
216 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لە چامپیۆنز لیگ و لە یارییەکی دراماتیکی و پڕگۆڵدا بەرشەلۆنە و کلوب بروج بە سێ گۆڵ یەکسانبوون و ئینتەر شکستی بە کایرات هێنا.
لە یارییەکانی خولی سێیەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنز لیگ، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی کلوب بروجی بەلجیکی.
تایمی یەکەم، هەردوولا بە هێرشبردن دەستیان پێکرد، دوای تێپەڕینی تەنیا شەش خولەک تریزۆلدی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن ماڵ تۆمارکرد، بەڵام دوای تەنیا دوو خولەک لەم گۆڵە تۆرێس ئەنجامەکەی بۆ بەرشەلۆنە یەکسانکردەوە.
کلوب بروج لە هەوڵەکانی بەردوامبوو، تا ئەو کاتەی لە خولەکی 17 کارلۆس فۆربس گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و دووبارە یانە بەلجیکیەکەی پێشخست، نیوەی یەکەمیش لە سودی کلوب بروج کۆتاییهات.
لە تایمی دووەم، لە خولەکی 61 لامین یامال بە تۆمارکردنی گۆڵێک ئەنجامی یارییەکەی هێنایەوە خاڵی دەستپێک، بەڵام دەرهێنەری یارییەکە هێشتا بەتەواوی ڤیدیۆی دووبارەکردنەوەی گۆڵەکەی یامالی تەواو نەکردبوو، فۆربس گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی بۆ کلوب نوسییەوە.
هانسی فلێکی راهێنەری بەرشەلۆنە چەند گۆرانکارییەکی ئەنجامدا، لە ئەنجامی گۆرانکارییەکان و هێرشەکانیان لە خولەکی 77 توانیان بۆ سێیەم جار گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکەن، گۆڵەکەش بە هەڵەی بەرگریکاری یانەی خاوەن یاریگا نوسرا.
دواتر هەردوولا بەردوامبوون لە فشارکردن و لە خولەکی زیادکراودا رۆمیۆ ڤێرمانت گۆڵێکی تۆمارکرد و نزیکبوو کلوب بروج سێ خاڵی یارییەکە لە بەرشەلۆنە وەربگرێت، بەڵام دوای گەرانەوەی ناوبژیوان بۆ ڤار، گۆڵەکە رەتکرایەوە و هەڵە لە بەرژەوەندی بەرشەلۆنە هەژمارکرا.
سەرەنجام یارییەکە بە سێ گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتاییهات، بەم ئەنجامە بەرشەلۆنە بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ پلەی 11ی گرتووە و کلوب بروج خاوەنی چوار خاڵە و لە پلەی 17یە.
لە یارییەکی دیکەی هەمان قۆناغیش ئینتەر میلانی ئیتاڵی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە کایرات ئەلماتی کازاخستانی بردەوە و بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی جێگیرە.
بیلال کاکە