میسی هەموو شتێکی ئاشکراکرد

AM:10:18:18/04/2025

7188 جار خوێندراوەتەوە

+ -

میسی دوپاتیکردەوە خەونی گەڕانەوە بووە بۆ بەرشەلۆنە و لە مۆندیالیش زۆرترین چێژی بینیوە.

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەر میامی لەنوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ سیمپلیمێنت فوتبۆڵ رایگەیاند، شکستیان لە یەکەم یاری مۆندیال گورزێکی زۆر قورس بوو، چاوەڕوانی ئەوە نەبوون بەو شێوەیە دەستپێبکەن بەڵام هەموو کاتێک یەکەم یاری قورسە و دڵنیاش بوون لەوەی یارییەکەی مەکسیک چارەنووسیان دیاری دەکات.

میسی وتی: بە دڵنیاییەوە چێژی لە هەموو ساتەکانی مۆندیالی 2022 وەرگرتووە بەڵام بردنەوە لە مەکسیک خۆشترین ساتی بووە چونکە ئارامی و متمانەی گەڕانەوە بۆ پێکهاتەکەیان، ئەو جۆرە پاڵەوانێتییانە روداوی سەیری تیادایە بۆ نمونە بەرامبەر هۆڵەندا باشترین یارییمان ئەنجامدا بەڵام بە قورسی بردمانەوە، لە یاری کۆتاییشدا هەمان شت رویدا بەڵام دڵخۆش بووین.

وتیشی، پێش یاری کۆتایی ئارام بووم و چێژم دەبینی سەرەرای بوونی هەندێک دڵەڕاوکێ بەڵام متمانەیەکی زۆرمان بە خۆمان هەبوو، هەستمان بە بەهێزی خۆمان دەکرد، فەرەنسا یاریزانی نایابی هەبوو بەڵام دڵنیا بووین لەوەی دەتوانین ئازاریان بدەین، بە دڵنیاییەوە چێژی زۆرمان وەرگرت.

میسی دەڵێت، بەردەوام دەبم لە رکابەرییەکان چونکە ئەوە بەشێکە لە ژیانی من و هیچ کاتێک جێیناهێڵم و بەو شێوەیە پەروەدە بووم، لە تۆپی پێدا هەموو شتێکم بەدەستهێناوە و ئەوەش نرخێکی زۆری هەیە.

لە وەڵامی پرسیاری ئەگەری بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026، میسی ئاشکرایکرد کە ئەمساڵ گرنگ دەبێت بۆ بڕیاری سەبارەت بە مۆندیال، بە دڵنیاییەوە بیری لەوە کردووەتەوە کە بەشداری بکات بەڵام دەبێت رۆژانە چاودێری بارودۆخی توانای جەستەیی بکات.

دوپاتیشیکردەوە کە لەگەڵ بەرشەلۆنە هەموو شتێکی بردووەتەوە و سوپاسگوازری خودایە کە هەموو شتەکانی پێبەخشیوە، لەو یانەیە هەر لەسەرەتاوە پێشوازییەکی نایابی لێکراوە، ئاواتەخوازبووە بگەڕێتەوە بەرشەلۆنە چونکە ئەو شوێنەیە کە هەمیشە لێیبووە بەڵام بەداخەوە ئەوە روینەدا.

ئاماژەی بەوەشدا، سەردەمی گواردیۆلا لەگەڵ بەرشەلۆنە زۆر ناوازە بووە و خاوەنی چەندین ئەستێرەی تۆپی پێ بوون، تێکەڵەیەکی نایاب بوو لەنێوان راهێنەر و یاریزاناندا، گواردیۆلا کەسێکە وردەکارییەکانی خۆشدەوێت و عەقڵیەت و دیدگای جیاوازی هەیە .

خ . ک