AM:12:32:01/03/2025
96 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لە خولی سعودیە نەسڕ و هیلال بەرامبەر عروبە و ئەهلی شکستیان هێنا و ئیتیحادیان زیاتر لە بەدەستهێنانی نازناوەکە نزیککردەوە.
لە خولی سعودیە و لە یارییەکانی هەفتەی 23، یانەی نەسڕ لە دەرەوی یاریگای خۆی بووە میوانی عروبە کە عەدنان حەمەدی عێراقی راهێنەرایەتییان دەکات.
تایمی یەکەم، هەردوولا بە بەهێزی دەستیان پێکرد و لە خولەکی 40 عومەر سۆمە یانەی خاوەن یاریگای بە گۆڵێک پێشخست.
لە تایمی دووەمدا، هەرچەندە نەسڕ لە خولەکی 51 لە رێگەی نەوافەوە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام دووبارە عروبە گۆڵی پێشکەوتنی لە خولەکی 65 لە رێگەی جۆدمۆندسۆن نوسییەوە.
سەرەنجام یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سودی عروبە و بە شکستی نەسڕ کۆتایی هات.
لە یارییەکی بەهێزی هەمان هەفتەش هیلال بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ شکستیهێنا بەرامبەر ئەهلی.
بەم ئەنجامانە هیلال و نەسڕ بە 51 خاڵ و 47 خاڵ لە پلەکانی دووەم و سێیەم مانەوە، ئەو ئەنجامەش دەبێتە رێگە خۆشکەر بۆ ئیتیحاد تا زیاتر لە نازناوی ئەم وەرزەی خولی سعودیە نزیک ببێتەوە.
بیلال کاکە