خولی فەرەنسا.. پاریس شکستی بە لیۆن هێنا و پێشەنگیی بەهێزتر کرد

AM:12:43:24/02/2025

112 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی فەرەنسا پاریس بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ شکستی بە لیۆن هێنا و پێشەنگی بەهێزتر کرد.

لە یارییەکی هەفتەی 23 ی خولی فەرەنسا، یاریی لوتکە لیۆن و پاریس سان جێرمانی کۆکردەوە.

تایمی یەکەم، پاریس لە سەرەتاوە بە فشارکردن دەستیپێکرد بەڵام لیۆن بەرگرییەکی بەهێزی دەکرد، لەو تایمەدا هیچ گۆڵێک تۆمار نەکرا.

لە تایمی دووەمدا، یارییەکە گڕوتینی زیاتری بەخۆیەوە بینی و لە خولەکەکانی 53 و 59 پاریس دوو گۆڵی لە رێگەی حەکیمی و دیمبلیەوە تۆمارکرد، لە خولەکی 83ی یارییەکەش لیۆن ئەنجامەکەی بۆ گۆڵێک کەمکردەوە.

تەنیا دوای دوو خولەک لەو گۆڵەی لیۆن حەکمی دەرکەوتەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی هێنایە بەرهەم، هەرچەندە لە کاتی زیادکراویش تۆلیسۆ گۆڵی دووەمی لیۆنی تۆمارکرد بەڵام فریای بەدەستهێنانی خاڵی یەکسانبوون نەکەوتن.

سەرەنجام یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە سودی پاریس کۆتایی هات، بەم ئەنجامە تیپەکەی ئینریکی بە 59 خاڵ پێشەنگی گرتووە و لیۆن شەشەمە بە 36 خاڵ.
بیلال کاکە