سبەینێ چەندین یاری بەهێز بەڕێوەدەچن

PM:03:08:14/02/2025

316 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سبەینێ لە خولی ئیسپانیا ریاڵ مەدرید رووبەرووی ئۆساسۆنا دەبێتەوە و لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا یاری لوتکە بەڕێوەدەچێت.

یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا بەردەوامی هەیە و سبەینێ لە هەفتەی 24 و لە کاتژمێر شەش و 15 خولەکدا، یانەی ریاڵ مەدرید لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی ئۆساسۆنا.

ریاڵ مەدرید لە ئێستادا بە کۆکردنەوەی 50 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیدا دەبینرێت و دەیەوێت بە بردنەوە لەو یارییەدا پارێزگاری لە پێگەکەی بکات و بەردەوام بێت لە پلەکەی.

دواتریش لە کاتژمێر هەشت و 30 خولەکدا، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید رووبەڕووی سێلتا ڤیگۆ دەبێتەوە و ئامانجی بەدەستهێنانی سێ خاڵی ئەو یارییەیە تا لانی کەم لە پلەکەی خۆیدا بمێنێتەوە و چاوەڕێی شکست یان یەکسانبوونی ریاڵ مەدرید بکات تا بتوانێت بچێتە پێشەنگی ریزبەندی.

هەر سبەینی بەڵام لە خولی ئەڵمانیا و لە یاری لوتکەدا یانەی بایرن میونشنی پێشەنگی ریزبەندی لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی بایەر لیڤەرکوزنی دووەمی ریزبەندی دەبێتەوە.

لە خولی ئیتاڵیا و لە کاتژمێر هەشت، یانەی لازیۆ لە یارییەکی بەهێزدا میوانداری ناپۆلی دەکات، دواتر میلان رووبەرووی هیلاس ڤیرۆنا دەبێتەوە، لە خولی فەرەنساش پاریس سان جێرمان بەرامبەر تۆڵۆز یاریدەکات.

خ . ک