رۆما دەیەوێت ئەنچیلۆتی بکات بە راهێنەر

PM:03:30:04/02/2025

140 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرپرسانی رۆما دەیانەوێت ئەنچیلۆتی بکەن بە راهێنەری یانەکە و پرۆژەی داهاتوویانی لەسەر بنیاد بنێن.

پاش ئەوەی یانەی رۆما، خۆسێ مۆرینیۆی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوورخستەوە، چەند راهێنەرێکی جیاوازی تاقیکردوەتەوە، لە ئێستاشدا بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی وەرز ئەو ئەرکەی بە رانێری راسپاردووە و دەیانەوێت وەرزی داهاتوو راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان بکەن.

بەپێی تۆڕە هەواڵییەکانی ئیسپانیا لە نێویاندا رۆژنامەی ئاس، بنەماڵەی فریدیکین بە نیازن بە شێوەیەکی تایبەتی کارلۆ ئەنچیلۆتی رازی بکەن و پرۆژەی داهاتووی یانەکەیان بنیاد بنێن تا بگەنە ئاستی گەورەکانی ئەوروپا.

ئەم دەنگۆیانە لە کاتێکدایە پێشتر خودی راهێنەرەکە خواستی گەڕانەوەی بۆ رۆما نەشاردوەتەوە کە پێشتر وەک یاریزان یاری بۆ کردوون لە نێوان ساڵانی 1979 بۆ 1986.

ئەم دانوستانە بۆ ڕۆما ئاسان نابێت، چونکە ئەنچیلۆتی دەیەوێت تا دەتوانێت لە ڕیال مەدرید بمێنێتەوە و پێشتریش چوونی بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل نزیک بوو بەڵام لە پێناو مانەوەی لە بێرنابیۆ رەتیکردەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆما بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان و تەنیا خەونیان ئەوەیە ئەنچیلۆتی بگەڕێننەوە بۆ ئۆڵۆمپیکۆ و دووبارە ناوی یانەکەیان بگەڕێننەوە بۆ نێو لیستی گەورەکانی ئەوروپا.