ئەتلەتیکۆ راگەیەندراوێکی لەسەر دۆسیەی ئۆلمۆ بڵاوکردەوە

PM:03:55:10/01/2025

372 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەتلەتیکۆ مەدرید بە راگەیەندراوێک دژی ناونوسکردنی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر وەستایەوە و بە مەترسی ناویبردووە.

کاردانەوەکانی یانەکانی ئیسپانیا بەردەوامن، دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای وەرزشی بڕیارێکی کاتی لە بەرژەوەندی یانەی بەرشەلۆنە بۆ تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر دەرکرد.

یەکەم یانە لاس پاڵماس بوو کە بە فەرمی بڕیارەکەی ئەم دەستە حکومییەی ئیدانە کرد و ڕەخنەی گرت کە ئەم جۆرە بڕیارانە زیان بە تەندروستی کێبڕکێی خولەکە دەگەیەنن.

پێشتریش یانەی ئەتلەتیک بلباو لە ڕێگەی سەرۆکی یانەکە جۆن ئۆریارتیەوە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ مۆڤیستاڕ پێش یارییەکەیان بەرامبەر بەرشەلۆنە لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی سوپەر دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە.

ئەتلەتیکۆ مەدریدیش لە ئێستادا چووە ریزی یانە ناڕازییەکان لە راگەیەندراوێکدا نوسیویانە: یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید نیگەرانی قووڵی خۆی دەرببڕێت سەبارەت بەو دۆخەی کە لە تۆپی پێی ئیسپانیا دروست بووە دوای بڕیارەکەی چوارشەممەی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا، ئێمە پێمان وایە ئەم بڕیارە سیستەمی ئێستا دەخاتە مەترسییەوە و یاساکانی یارییەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لە راگەیەندراوەکە، دەستێوەردانی حکومەتیان بە مەترسی ناوبردووە بەو پێیەی دەرگا بۆ پشتگوێخستنی ڕێساکان و دووبارەکردنەوەی هەڵە جیددییەکانی ڕابردوو دەکاتەوە، نوسیشیانە: بەبێ یاسای ڕوون و یەکسان بۆ هەمووان، هیچ کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە بوونی نییە.