ویلیامز: یامال دەیویست رازیم بکات بە چوونم بۆ بەرشەلۆنە

PM:11:28:07/11/2024

288 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ویلیامز نەیشاردەوە یامال هەوڵی زۆریداوە تا رازیبکات بە چوونی بۆ بەرشەلۆنە بەڵام خۆی بڕیاری مانەوەیداوە.

نیکۆ ویلیامز یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکانی ئەتلەتیک بلباو لە وەرزی ڕابردوودا، دوای ئەوەش توانی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بدرەوشێتەوە یارمەتی هەڵبژاردەکەی بدات بۆ بەدەستهێنانی یۆرۆی 2024.

یەکێک لە خوازیارە جدییەکانی ئەم یاریزانە لە گواستنەوەی هاوینەی ڕابردوو، یانەی بەرشەلۆنە بوو، بەڕێوەبەرانی ئەم یانەیە زۆر گرنگییان بە نیکۆ دەدا، هیواخواز بوون ئەم یاریزانە زیاد بکەن بۆ لیستی تیپکەیان بۆ وەرزی نوێ، بەڵام دانوستانەکانی یانەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە نەگەیشت بە ئەنجام و ویلیامز لە بلباو مایەوە.

لە چاوپێکەوتنیکشدا کە تۆڕی فۆت بۆم بڵاویکردوەتەوە یاریزانەکە دەڵێت: لامین یامال و ئەلیخاندرۆ باڵدێ لە ماوەی هاویندا بەردەوام هەوڵیان دەدا و پێیان دەوتم کە بە دڵنیاییەوە دەبێت بچمە بەرشەلۆنە و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت بچمە ئەو یانەیە، منیش پێیانم وت ئارام بگرن و با کاتی خۆی بێت، پاشان لەگەڵ خێزانەکەم قسەم کرد و دواتر بڕیارمدا بمێنمەوە.

پەیوەندی نزیک و دۆستایەتی نزیکی ویلیامز لەگەڵ یامال وایکرد زۆر کەس باوەڕیان بەوە هەبێت کە یاریزانەکە دەچێتە بەرشەلۆنە، بەڵام ئەوە رووینەدا و لە ئێستادا نازانرێت هاوینی داهاتوو بەرشەلۆنە هەوڵی گواستنەوەی ئەستێرە 22 ساڵانەکە دەدات یاخود نا.