سکالۆنی: دەبوو یارییەکەمان دوابخرێت

PM:12:11:11/10/2024

264 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سکالۆنی رەخنەی لە بارودۆخی یاریگا گرت و پێوایە دەبوو یارییەکەیان بۆ کاتێکی تر دوابخرێت.

پاش یەکسانبوونیان لەگەڵ فەنزوێلا، لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رایگەیاند، یەک شت زۆر روونە ئەویش ئەوەیە نەدەبوو یارییەکە ئەنجامبدرێت بەهۆی دۆخی یاریگاوە، راستە دەستپێکردنی یارییەکە بڕیارێک بوو لە لایەن ناوبژیوانەوە، بەڵام مەرجەکانی یاریگاکە ڕوون بوون و نایەوێت لەوە زیاتر بڵێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاستی تیپەکەی لەم یارییەدا وتی: ئەوەی لە تواناماندا بوو کردمان، هەم ئێمە و هەم ڤەنزوێلا، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بارودۆخی یاریگاکە بەجۆرێک نەبوو کە بتوانرێت یارییەکی باش لەنێوان دوو تیپدا ئەنجام بدرێت، دەکرا رۆژی دواتر ئەم یارییە ئەنجام بدرێت.

وتیشی: ئەو کەسەی کە دەبوو بڕیاری کۆتایی بدات ناوبژیوان بوو، قسەم لەگەڵ کرد و بەڵێنی پێمدا کە ئەگەر تۆپەکە لە یاریگادا نەخولێتەوە ئەوا یارییەکە دەوەستێنێت، ڕوون بوو کە تۆپەکە لە یاریگادا ناخولێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە یاساکان شتێکی تر بڵێن و لەوبارەیەوە زانیاری نییە، بەڵام دەکرا یارییەکە زۆر باشتر بێت و بە شێوەیەکی جیاواز بەڕێوەبچیت و ئەو بارودۆخە روونەدات.