میسی: دڵخۆشم بە گەرانەوە بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین

AM:11:37:11/10/2024

220 جار خوێندراوەتەوە

+ -

میسی پێوایە خاڵێک لە یارییەکی لەو جۆرەدا دەستکەوتێکی باش بووە بۆیان و خۆشحاڵیشی دەربڕی بە گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەکەی.

بەهۆی باران بارینێکی زۆرەوە یاری نێوان ئەرجەنتین و فەنزوێلا نیو کاتژمێر دواخرا و دواتریش کە دەستیپێکردەوە یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە روبەڕووی بارودۆخیکی سەخت بوونەوە، پاش یارییەکەش لیۆنێل میسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رایگەیاند، یارییەکی زۆر سەخت بووە و بەو بارودۆخەوە سەختر بووە، تەنانەت نەیاندەتوانی دوو پاسیش لەسەر یەک بدەن، لە گێمی دووەمدا دۆخەکە لە لای ڕاست خراپتر بووە و یاریکردن لە دۆخێکی وادا زۆر قورس بووە بۆیان.

وتیشی: چیمەنەکە ڕێگەی نەدا ئەو کارە بکەین کە دەمانەوێت، ناچار بووین یارییەکی جیاواز بکەین کە ئامادە نەبووین بۆی، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ بژاردەیەکمان نەبوو جگە لە شەڕکردن و زاڵبوون بەسەر روبەڕووبونەوەی تاکەکەسی لەگەڵ یاریزانی بەرامبەر و قۆستنەوەی هەڵەکانیان، یارییەکە سنورێکی بۆمان دانا و نەماندەتوانی زۆر مەترسی بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەیاندەتوانی یاری بە تۆپ بکەن بەرەو دواوە چونکە ئاوی چیمەنەکە تۆپەکەی رادەگرت، لە کۆتایدا ناچاربوون بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و خاڵێک بەدەستبهێنن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ کەمپی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، مێسی وتی: چاوەڕوانییەکی زۆر بوو، بۆ ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دوورکەوتمەوە و لە زۆرێک لە یارییەکانی یانەکەشم بەشداریم نەکرد، خۆشحاڵم کە گەڕامەوە و هەوڵ دەدەم ئەم یەکدەنگییە بپارێزم و جارێکی تر لێرە بم.