نەیمار دوورگەیەکی گرانبەها دەکڕێت

PM:11:43:07/10/2024

356 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نەیمار دوورگەیەکی لە بەڕازیل کڕیوەتەوە و بەم نزیکانە بە فەرمی دەبێتە موڵکی یاریزانەکە.
سەرچاوە رۆژنامەوانییە بەرازیلییەکان ئاشکرایانکردووە، نەیمار دا سێلڤا، ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی، لە قۆناخەکانی کۆتایی کڕینەوەی دوورگەیەکی گەورەدایە لەسەر کەناراوەکانی بەرازیل.
دوورگەکە ناوی ئیلها دو گاباو ئۆیە، دەکەوێتە ناوچەی ئێنگرا دۆس رێس، نزیک لە کەناراوەکانی وڵاتەکە، رووبەرەکەی وەک ئەوەی میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردووە، شەش دۆنمە و نرخەکەی حەوت ملیۆن پاوەندە.
دوورگەکە سی ڤێلای گەورەی تێدایە کەلەسەر شێوازی بیناسازیی ئیندۆنیسی دروستکراوە، دەکەوێتە نزیک بەندەری شاری ئێنگرا دۆس رێس، لە باشووری رۆژئاوای ریۆ دی جانیێرۆ.
پێشتر خاوەنی دوورگەکە بۆ فرۆشتنەوەی داوای دە ملیۆن پاوەندی کردبوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ حەوت ملیۆن پاوەند دابەزاندووە و ئەوەش سەرنجی نەیماری بۆ کڕينەوەی راکێشاوە و  بۆ تاقیکردنەوەی ژیان لەسەر دوورگەکە، بۆ چەند شەوێک دوورگەکەی بەبڕی 40 هەزار پاوەند بەکرێگرتووە.
دوورگەکە ژێرخانێکی ناوازەی هەیە و هەڵکەوتە جوگرافییەکەی بۆ کەسایەتییەکان زۆر سەرنجڕاکێشە، چونکە بەسەر دەریادا دەڕوانێت و بەرامبەر دیمەنی ناوازەی شاری ریۆ دی جانیرۆیە.
جێی باشە، نەیمار کە لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا لە پاریس سان جێرمانەوە روویکردە هیلالی سعودی بەبەهای زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ، لە مانگی دەی ساڵی رابردووەوە دووچاری پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بووە و لە چەند رۆژی رابردوودا گەڕاوەتەوە مەشقە بەکۆمەڵەکانی یانەکە، وە لە ماوەیەدا مووچەیەکی زۆری وەرگرتووە بەبێ یاریکردن بۆ یانەکە.