ناگلیسمان: بردنەوەی نەیشنز لیگمان دەوێت

PM:11:01:07/10/2024

196 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ناگلیسمان دوپاتیکردەوە ئامانجیان نەگۆڕاوە و دەیانەوێت یارییەکانی نەیشنز لیگ ببەنەوە.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە دوو یاری داهاتووی ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی بۆسنە و و هۆڵەندا دەبێتەوە لە نەیشنز لیگ، ئەڵمانییەکان هاوشێوەی زۆرێک لە هەڵبژاردەکانی دیکە، لە چەندین یاریزانی سەرەکی بێبەش دەبن، لەوانە جەمال موسیالا و کای هاڤێرتز بەشێوەیەکی کاتی، هەروەها مارک ئەندرێ تێرشتیگن و نیکۆلاس فۆڵکرۆگ و ڕۆبن کۆچ بەهۆی پێکانە درێژخایەنەکانیانەوە.
 جولیان ناگلسمانی ڕاهێنەریش لە یەکەم چاوپێکەوتندا سەبارەت بە بارودۆخیان لە کەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی وتی: ناچار بووین لە ماوەیەکی کورتدا هەندێک یاریزان بگۆڕین بە یاریزانی تر بەڵام ئامانجەکەمان نەگۆڕاوە و هەمان شتە کە لە ڕابردوودا هەبووە.
سەبارەت بە دوو یاری داهاتوویان وتی: سەرەتا دەبێت لە دەرەوەی یاریگای خۆمان بەرامبەر بۆسنە سەربکەوین، دواتر دەبێت سێ خاڵ بەرامبەر هۆڵەندا بەدەستبهێنین لەبەردەم هاندەرە بەسۆزەکانمان لە ماڵەوە.
دەربارەی ئامادەنەبوونی چەند یاریزانێکیان باسی لەوەکرد، جێگای شەرمەزارییە کە دەبێت بەبێ پێنج بۆ شەش یاریزان بچنە یاریگاوە کە لە کەمپی پێشوویان ئامادە بوون، ئێستا چاوەڕێی بینینی ئەستێرە نوێیەکانی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا دەکات.
وتیشی: وەک وتم سەرەڕای گۆڕانکاریە زۆرەکان، ئامانجمان هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە و بیر لە هیچ شتێک ناکەینەوە جگە لە سەرکەوتن لە نەیشنز لیگ، بە دڵنیاییەوە یاریزانە نوێیەکان بۆشایی یاریزانانی پێشوو پڕدەکەنەوە.