ئایا مێسی و ئینتەر میامی بەشداری لە جامی جیهانی یانەکان دەکەن؟

PM:07:59:04/10/2024

232 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەهۆی درەنگ تەواو بوونی جامی یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکا پێدەچیت ئینتەر میامی نوێنەری وڵاتی میواندار بکات لە جامی جیهانی یانەکان.

ماڵپەڕی گیڤ می سپۆرت بڵاویکردەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئینتەر میامی بە سەرکردایەتی لیۆنێل میسی بەشداری جامی جیهانی یانەکان بکات کە پێکدێت لە 32 یانە.

تا ئێستا 30 یانە بە فەرمی گەیشتوونەتە جامی جیهانی یانەکانی 2025 و یەک هەڵبژاردەی وڵاتی میواندار و پاڵەوانی جامی لیبەرتادۆرێسی 2024 لیستی یانەکان تەواو دەکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بردنەوەی خولی ئەمریکا بلیتی جامی جیهانی یانەکان بۆ میامی یەکلا ناکاتەوە، بەڵام بەهۆی درەنگ تەواو بوونی جامی یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکا، پێدەچیت ئینتەر میامی نوێنەری وڵاتی میواندار بکات.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، براوەی جامی یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکا لە حەوتی کانوونی یەکەمی داهاتوو یەکلا دەبێتەوە، لەبەر ئەوە رێگە خۆشکەر دەبێت کە میامی وەک براوەی خولی ئەمریکا نوێنەری وڵاتی میواندار بکات و یاریگای هارد رووک یاری کرانەوەی جامەکەی تێدا ئەنجامبدرێت.

فیفا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، تیروپشکی جامی جیهانی یانەکان لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە نێوان 15ی حوزەیران بۆ 13ی تەمموزی 2025 بەڕێوەدەچن.
بیلال کاکە