سبەینێ شەش یاریتری چامپیۆنز لیگ ئەنجامدەدرێن

PM:04:38:17/09/2024

344 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یارییەکانی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنز لیگ بەردەوامی هەیە و چوارشەممە شەش یاری تری ئەو قۆناغە بەڕێوەدەچێت لە دوو کاتی جیاوازدا.

لە کاتژمێر 10، یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لە یاریگای ئیتیحاد لە یاری لوتکەی شەوەکەدا میوانداری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی دەکات.

ئەو دوو یانەیە لە مێژوودا تەنها یەکجار لە چامپیۆنز لیگدا رووبەڕووی یەکبونەتەوە ئەویش لە یاری کۆتایی وەرزی 2022 بۆ 2023دا بوو کە یانە ئینگلیزیەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.

پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی تا ئێستا لە سێ یانەی جیاواز راهێنەرایەتی کردووە لە چامپیۆنز لیگدا کە ئەوانیش، بەرشەلۆنە و بایرن میونشن و مانچستەر سیتین، لە 171 یاریدا 109 بردنەوە و 35 یەکسانبوون و 27 شکستی هەیە، سێ نازناوی پاڵەوانێتییەکەشی بەدەستهێناوە.

لە هەمان کاتدا یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە یاریگای خۆیدا رووبەڕووی یانەی جیرۆنای ئیسپانی دەبێتەوە.

یانە فەرەنسیەکە بە راهێنەرایەتی لویس ئینریکی ئامانجیان ئەوەیە لەم وەرزەدا بتوانن بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا نازناوی پاڵەوانێتییەکە بەدەستبهێنن و لە پێناو ئەو ئامانجەشدا چەند گرێبەستێکی ئەنجامداوە.

پاریس سان جێرمان لە مێژوویدا 155 یاری لە چامپیۆنز لیگدا ئەنجامداوە، 82 بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە 29 یاریدا یەکسانبووە و 44 شکستی هەیە، 302 گۆڵی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە تۆمارکردووە و 181 گۆڵی لێ تۆمارکراوە.

لە هەمان کاتدا، یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی رووبەڕووی یانەی کلوب بروجی بەلجیکی دەبێتەوە، یانە ئەڵمانیەکە دەیەوێت هاوشێوەی وەرزی رابردوو ئەنجامی نایاب بەدەستبهێنێت بە شێوەیەک کە گەیشتە یاری کۆتایی بەڵام لەو یاریەدا بە ریاڵ مەدرید دۆڕا و پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

خ . ک