سێشەممە چامپیۆنز لیگ دەستپێدەکات

PM:05:56:16/09/2024

508 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ گەورەترین پاڵەوانێتی ئەوروپا و دڵخوازترینی هاندەرانی تۆپی پێ وەرزێکی نوێی دەستپێدەکات.

لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا شێوازە نوێیەکەی جێبەجێ دەکرێت بە شێوەیەک کە ژمارەی یانەکان زیادکراوە بۆ 36 یانە و ژمارەی یارییەکانیش بە شێوەیەکی گشتی زیادیکردووە، لە کۆتایی قۆناغی یەکەمدا هەشت یانەی یەکەم گەیشتن بە قۆناغی 16 مسۆگەر دەکەن، یانەکانی پلەی نۆ تا 24 لە پاشکۆدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و هەشت یانەیان دەگاتە هەمان قۆناغ.

سێشەممە بە ئەنجامدانی شەش یاری، قۆناغی یەکەمی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ دەستپێدەکات، یانەی ریاڵ مەدریدی پاشای مێژووی پاڵەوانێتییەکە و پاڵەوانی وەرزی رابردوو لە کاتژمێر 10 و لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی دەکات.

ریاڵ مەدرید خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا بە شێوەیەک کە 15 نازناوی هەیە، دوایین نازناویش لە وەرزی رابردوودا بووە، لە 10 وەرزی رابردووشدا پێنج نازناوی بەدەستهێناوە.

لە هەمان کاتدا، لە یاری لوتکەدا یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لە یاریگای سان سیرۆ رووبەڕووی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی دەبێتەوە.

میلان و لیڤەرپوڵ لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا چوار جار روبەڕووی یەکبونەتەوە، یانە ئینگلیزیەکە لە سێ یاریدا براوە بووە و نۆ گۆڵی تۆمارکردووە، یانەکەی شاری میلانۆش یەک بردنەوەی هەبووە و هەشت گۆڵی کردووە.

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیش لە هەمان کاتدا لە یاریگای ئالیانز ئارینا میوانداری یانەی دینامۆ زەگرەبی کرواتی دەکات و ئامانجی ئەوەیە لە سێیەم یاری نێوانیاندا بردنەوەی بەسەردا بەدەستبهێنێت چونکە پیشتر دوو یاری بەرامبەر کردووە و لە هەردووکیاندا براوە بووە.

بایرن میونشن لە رابردوودا 27 جار بە شداری لە چامپیۆنز لیگدا کردووە، شەش نازناوی بەدەستهێناوە کە دوایین نازناویان لە وەرزی 2019 بۆ 2020دا بووە، پێنج جاریش لە یاری کۆتاییدا تووشی شکستبووە.

پێش ئەو یاریانە و لە کاتژمێر حەوت و 45 خولەکدا، یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی میوانداری یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەکات و دەیەوێت لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا ئەنجامی نایاب بەدەستبهێنێت بەهۆی ئەوەی لە وەرزی رابردوودا بەشداری نەکرد.

خ . ک