گواردیۆلا: وەک جاران نەماوم و تەمەڵ بووم

PM:02:04:13/09/2024

308 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گواردیۆلا دانیبەوەدا نا ئێستا تەمەڵ بووە و وەک جاران شیکاری بۆ تیپی بەرامبەر ناکات.

لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ تۆڕی سکای سپۆرت، پیپ گواردیۆلای ئیسپانی و راهێنەری مانچستەر سیتی باسی لە بەشێک لە ژیانی تایبەتی کرد و چەند نهێنییەکی خستەڕوو.

سەبارەت بەوەی ئایا یاریزانەکان لە یاریگادا گوێیان لە راهێنەر دەبێت کاتیک قسەدەکەن ئاماژەی بەوەکرد، یاریزانەکان بەهۆی هاندەرانەوە دەنگی ئەوان نابیستن بەڵام ئەوان بۆ خۆ خاڵی کردنەوە و جێگیربوونی دۆخی دەروونیان هاواردەکەن و قسەدەکەن.

سەبارەت بە شیکردنەوەی شێوازی یاریکردنی یانەکانی بەرامبەر بۆ یاریزانەکانیشی وتی: پێشتر زۆرکاتم بۆ تەرخان دەکرد بەڵام ئێستا پیر و تەمەڵ بووم، ئەو یانانەی دەیانناسم کاتی زۆری ناوێت وەک ئارسناڵ و شێوازی یاریکردنی ئارتێتا، پێشتر بۆ لیڤەرپولی کلۆپیش وابووم بەڵام ئێستا نازانم بە چی جۆرێک یاریدەکەن و دەبێت تەماشای شێوازی یاریکردنیان بکەم.

باسی لەوەشکرد، رۆژانە بەیانیان لەخەو هەڵدەستێت، شەوانیش هەندێک کات تا یەک بۆ دووی شەو ناخەوێت و حەزی بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و ئامادەکردنی قاوەیە، وە دەبێت ئامادەکاری بۆ راهێنانەکان رۆژی دواتریش بکات.

دەربارەی پەیوەندیشی لەگەڵ یاریزانەکانی لە هاویناندا گواردیۆلا ئاماژەی بەوەدا، بەردەوام قسەیان لەگەڵدا ناکات، ئەگەر لەگەڵ هەڵبژادە نازناوێک ببەنەوە یان بدۆڕێن قسەیان لەگەڵدا دەکات یاخود منداڵیان ببێت یان پرسەیەکیان هەبێت پەیوەندیان پێوەدەکات.

وتیشی: هیچ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بەکارناهێنێت و حەزیان پێناکات، تەنیا یەک موبایلی هەیە ئەویش بۆ نامە ناردن بەکاریدەهێنێت.