ئایا مانچستەر سیتی باشترین یانەی جیهانە؟

PM:08:36:11/09/2024

484 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئایا مانچستەر سیتی باشترین یانەی جیهانە؟ یان ریاڵ مەدرید رێگا بەوە نادات

هەرچەندە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ناوی پاڵێوراوانی بۆ خەڵاتە جیاوازەکانی باڵۆن دۆری وەرزی رابردوو بڵاوکردەوە و یانەی ریاڵ مەدرید پشکی شێری بەرکەوتووە لە نێو پاڵێوراوەکاندا بە بوونی 11 یاریزان بەڵام 10 یاریزانی مان سیتی بوونیان هەیە

بەڵام چوار هۆکاری گرنگ بوونەتە هۆی ئەوەی یانەی مانچستەر سیتی کێبڕکێی یانەی ریاڵ مەدرید بکات لەسەر خەڵاتی باشترین یانە لە جیهاندا

بوونی پیپ گواردیۆلای ئیسپانی کە یەکێکە لە باشترین راهێنەرەکان و یانەیەکی زۆر بەهێزی دروست کردووە کە ئەوەش بە بێ هۆ نەبووە چونکە لە ساڵی 2016ەوە راهێنەرایەتی یانە ئینگلیزیەکەی وەرگرتووە ئەوەش مانای وایە سەقامگیریەکی زۆر لەو یانەیەدا بوونی هەیە، جگە لەوەش چەندین نازناوی جیاوازی بۆ بەدەستهێناوە و یانەکەی کردووەتە یەکێک لە مەترسیدارترینەکانی جیهان

بە ئامانج گرتنی لاوە بەهرەمەندەکان یەکێکیترە لە هۆکارەکانی ئەوەی مانچستەر سیتی ببێتە یەکێک لە باشترین یانەکانی جیهان چونکە دوای گواستنەوەیان لە کیبڕکێی خەڵاتی باشترینی لاواندا دەبینرێن، بە نمونەش ساڤینیۆی بەرازیلی کە یەکێکە لە پاڵێوراوان بۆ خەڵاتی کوبا بۆ باشترین یاریزانی لاوی جیهان

بوونی چەندین ئەستێرەی تۆپی پێ لە پێکهاتەی یانەکەدا کە ناویان لە خەڵاتە جیاوازەکانی باڵۆن دۆرا هەیە بە نمونەش ئێرلینگ هالاند و فیل فۆدین و رۆبن دیاز و رۆدری کە کێبڕکێی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەکەن لەسەر ئاستی پیاوان ، هۆکاری ئەوەش سەقامگیری لە یانەکەدا و گواستنەوەی یاریزانە بەهرەمەندەکانی تۆپی پێیە

هۆکاری چوارەم و کۆتایی بوونی خاوەن و کارگێڕیەکی سەرکەوتووە لە یانەکەدا بە شێوەیەک لە رابردوودا دەوترا مان سیتی پارەی زۆر خەرجدەکات لە گواستنەوەی یاریزاناندا بەڵام چەند ساڵێکە ئەو یانەیە بڕە پارەیەکی زۆر لە فرۆشتنی یاریزاناندا بەدەستدەهێنێت لە کاتێکدا بە کەمترین نرخ دەیانگوازێتەوە گەورەترین نمونەشیان فرۆشتنی جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی بووە بە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی

لە کۆتاییدا، ئێوە بڕیار بدەن، ئایا مانچستە سیتی باشترین یانەیە لە جیهاندا و کێبڕکێکەی لە ریاڵ مەدرید بردووەتەوە؟


خ . ک