وردەکاری گرێبەستەکەی ناچۆ

PM:09:46:22/06/2024

5760 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ناچۆ فێرناندێز پەیوەندی بە قادسیەوە کردووە و گرێبەستەکەی لەگەڵیاندا بۆ ماوەی دوو ساڵە.

فابریزیۆ ڕۆمانۆ، شارەزا لە گواستنەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لە ئەوروپا دووپاتیکردەوە، یانەی قادیسیەی سعودی  گرێبەستێکی دوو ساڵەی پێشکەش بە ناچۆ کردووە و یاریزانەکەش بە گرێبەستەکە رازیبووە، دوای ئەوەی گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ یانەی ئیتیحاد شکستیهێنا.

فابریزیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پشکنینی پزیشکی بۆ بەرگریکارە ئیسپانیەکە کراوە و بە فەرمی پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە رادەگەیەندرێت هەرکاتێک بەڵگەنامە پێویستەکان واژۆکران

رۆژنامەی مارکاش هەمان بابەتی پشتراستکردووەتەوە، هەروەها موچەی یاریزانەکەی ئاشکرا کردووە کە نزیکەی 10 ملیۆن یۆرۆ دەبێت بۆ هەر ساڵێک.

ئەمەش دوای ئەوەدێت یانەی ئیتیحاد هەوڵی بەدەستهێنانی یاریزانەکەی دەدا، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر مەرجە کەسییەکانی بەرگریکارە ئیسپانیەکە شکستی هێنا.

ناچۆ وەرزی رابردوو لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەشداری لە 45 یاریدا کرد و توانی گۆڵێک تۆمار بکات، تەمەنی یاریزانەکە 34 ساڵە و نرخی لە بازاڕی گواستنەوەدا سێ ملیۆن یۆرۆیە.