نۆیەر تووشی پێکان بوو

PM:09:42:20/03/2024

332 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نۆیەر تووشی پێکان بووە و مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بەجێهێشت و ناگلیسمانیش باسی لە وادەی دوورکەوتنەوەی کرد.

یانەی بایرن میونشن پشتڕاستی کردەوە کە مانوێل نۆیەر لە کاتی مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیدا تووشی گرژبوونی ماسولکەکانی قاچی چەپی بووە و دەگەڕێتەوە میونشن.

پێش کۆتا مەشقەکانی کە تێیدا تووشی پێکان بوو، مانوێل نۆیەر و گۆڵپارێزەکانی تری هەڵبژاردەکە ئاگادارکرانەوە کە کاپتنەکەی بایرن دەبێتە ژمارە یەکی مانشافت لە یۆرۆدا، لە ئێستادا کە یاریزانەکە کەمپی هەڵبژاردەکەی جێهێشتووە مارک ئەندرێ تێرشتیگن ڕۆژی شەممە لە یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر فەرەنسا لە پێکهاتەی سەرەکیدا یاری دەکات.

زستانی ڕابردوو، نۆیەر لە کاتی خلیسکانێی سەر بەفر لە قاچیدا بە سەختی بریندار بوو و بەشداری وەرزەکەی نەکرد، چەند مانگێک لەمەوبەر توانی بگەڕێتەوە یاریگاکانی تۆپی پێ و دووبارە بە ئاستە بەرزەکەی هەمووانی سەرسامکردەوە، بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیاش پێکانە نوێیەکەی قورس نییە.

ناگلیسمانی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانایش سەبارەت بە نۆیەر رایگەیاند، یاریزانەکە تووشی پێکان بووە و بەشداری دوو یاری داهاتوویان ناکات، ئەگەری هەیە نەتوانیت بۆ یاری یانەکەشی بەرامبەر دۆرتمۆند بگەڕێتەوە یاریگاکان.