ریاڵ مەدرید چەند هێرشبەری کردووەتە ئامانج؟

AM:10:55:30/05/2023

2828 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید لاوتارۆ مارتینێز و هاری کەینی کردووەتە ئامانج بۆ شوێنگرتنەوەی بنزیمە.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، ناوی لاوتارۆ مارتینێزی ئەرجەنتینی و هێرشبەری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی چووەتە سەر مێزی گفتوگۆی یانەی ریاڵ مەدرید.

رۆژنامەکە رایگەیاندوە، بەرپرسانی یانەی شاهانە خوێندنەوەیان بۆ ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ لاوتارۆ مارتینێز کردووە و بە یەکێک لە بژاردەکانیان دیاریکردووە بۆ شوێنگرتنەوەی کەریم بنزیمە لەئەگەری رۆیشتنیدا.

ئاشکراشیکردووە، کارگێڕی یانەی شاهانە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆیان دیاریکردووە تا پێشکەشی یانەی ئینتەر میلانی بکەن بەرامبەر دەستبەرداربوون لە هێرشبەرە ئەرجەنتینیەکەیان.

ئاماژەی بەوەشداوە، هۆکاری ئەو گرنگی پێدانەی ریاڵ مەدرید بە لاوتارۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو یاریزانە لەم وەرزەدا بە باشترین ئاستیەوە دەرکەوتووە و ئەمە یەکەمجاریش نییە یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا هەوڵی گواستنەوەی لاوتارۆ بدات.

رونیشیکردووەتەوە، بژاردەی دووەمی ریاڵ مەدرید بۆ شوێنگرتنەوەی بنزیمە بریتییە لە هاری کەینی هێرشبەری تۆتنهام بەڵام ئەوەیان قورسە چونکە دانێل لیڤی سەرۆکی یانە لەندەنیەکە ئامادەنییە گفتوگۆی فرۆشتنی ئەو یاریزانە لەگەڵ هیچ یانەیەکدا بکات.

دەشڵێت، ئەگەر بنزیمەش بڕیاری مانەوەیدا لە یانەی شاهانە ئەوا بەرپرسانی ئەو یانەیە هەوڵی گواستنەوەی فێرمینیۆ یان خوسێلۆ دەدەن تا ببنە یارمەرتیدەری هێرشبەرە فەرەنسیەکە.

خ . ک