٣٧ ساڵ بەسەر شاڵاوەکانى ئەنفال دژى کورد لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە تێدەپەڕێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی نیسانـی ٢٠٢٥، ئەنفال یاخود "کۆمەڵکوژی کورد" بە بڕیاری سەدام حسێن، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجامدرا، تێیدا ١٨٢ هەزار کەس لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر لە ناوچەکانى خۆیان راگوێزران و لە ناوچە جیاجیاکانى عێراق بە تایبەت بیابانەکانى باشور شەهید کران.
هاوکات شاڵاوەکانى
ئەنفال بە سەرکردایەتی عەلی حەسەن مەجید، بەرپرسی یەکەمى حزبی بەعس لە هەرێمى
کوردستان، بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا کە دیارترینیان قۆناغی سێ بوو کە لە ٣١ـی ئازار
تا ١٤ـی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ خایاند و ناوچەکانی گەرمیانی گرتەوە، تیایدا هەزاران
گوند خاپورکران و ٢٠ هەزار ژن و پیاو و منداڵ رەوانەی سەربازگەی قۆڕەتو کران، بەهۆی
ئەوەی گەورەترین و فراوانترین پڕۆسە بوو ئەو رۆژە وەک رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال لە
کوردستان دیاریکرا.
هەرچەندە ١٤ـی
نیسانی ٢٠٠٨، پەرلەمانی عێراق تاوانی ئەنفالی بەجینۆساید ناساند، بەڵام هێشتا لەلایەن
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە جینۆساید نەناسێندراوە.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، کورد لە مێژوودا چەندین تاوانیان بەرامبەر ئەنجامدراوە کە بەشێک لەوانە
دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە لەوانەش، کیمیابارانکردن بە چەکی کۆمەڵکوژ و شاڵاوەکانى
ئەنفال.