سەردێڕ:

پیشەسازی عێراق: بەرهەمە ناوخۆییەکانمان سەختە کێبڕکێ بکەن لەگەڵ کاڵاکانی وڵاتانی دراوسێدا

PM:04:50:12/04/2025

1036 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پیشەسازی عێراق، دانی بە سەختی کێبڕکێی بەرهەمە ناوخۆییەکان نا لەگەڵ کاڵا هاوردەکراوەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت چین، بەهۆی کەمی تێچووی بەرهەمهێنان لەوێ و گرانی تێچووی بەرهەمهێنان لە عێراق.


ئەمڕۆ شەممە ١٢ـی نیسانـی ٢٠٢٥، لە میانی میوانداریکردنی بۆ دەستپێکردنی لوتکەی بازرگانی عێراقی IBS کە لە بەغدا بە بەشداریی دامەزراوە ئابوورییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بەڕێوەدەچێت، خالد بەتال نەجم، وەزیری پیشەسازی عێراق، دانی بە سەختی کێبڕکێی بەرهەمە ناوخۆییەکان نا لەگەڵ کاڵا هاوردەکراوەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت چین.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی هاوردەی عێراق له ئێران و تورکیا و چینەوه دێت و ئێمە لەلایەن وڵاتانەوە دەورە دراوین که کێشەی ئابوورییان هەیه.

باسی لەوەشکرد، تمەنی ئێرانی بە شێوەیەکی زۆۆر دابەزیوە، تێچووی بەرهەمهێنان لەوێ زۆر کەمترە لە عێراق بۆ نموونە تێچووی وزەی کارپێکردنی بەڕێوەبردنی هەر پڕۆژەیەکی پیشەسازی لەو وڵاتەدا نزیکەی لەسەدا ٣٠ی تێچووی بەرهەمهێنانە.

وتیشی، کە ئەو گەمارۆی ئابوورییەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە بووەتە هۆی دابەزینی تێچووی بەرهەمهێنان، هاوشێوەی دۆخی عێراق لە کاتی گەمارۆکەدا لە ساڵانی نەوەدەکاندا.

هەروەها، تورکیا شاهیدی دابەزینی دراوی ناوخۆیی خۆیەتی، سوریاش دەچێتە پاڵ ئەم دوو وڵاتە ئەگەر بارودۆخی ئەوێ سەقامگیر بێت، ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا پێش رووداوەکان، و بەرهەمی سوریاش دەچێتە بازاڕی عێراقەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کێبڕکێکە لە بەرزی تێچووی کارکردن لە عێراق سەرچاوە دەگرێت، ئەمە جگە لە جیاوازی دراو بە بەراورد بە دۆلاری ئەمریکی.













گەلەری