سەردێڕ:

حکومەتی عێراق پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایاندا دابەشدەکات

PM:03:10:08/04/2025

1140 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی عێراق چەند بڕیارێکی سەبارەت بە مامۆستایان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان، دابەشکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوونە بەسەر مامۆستایان، هەروەها لیژنەیەک بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە پێکبهێنرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە ٨ـی نیسانی ٢٠٢٥، بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەنجومەنەکە چەند بڕیاریکی تایبەت بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە دەرکرد.

بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بریتین لەمانە:

- بەردەوامبوون لە رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی پەروەردە و فێرکاریی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، هەروەها لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی نووسراوی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران - دەسەڵاتی باڵا، بۆ هەماهەنگیی نێوان پارێزگاکان، کە رەزامەندی سەرۆکی حکومەت لەخۆدەگرێت بۆ دامەزراندنی گەڕەکی تایبەتی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران و کادیرەکانی وەزارەتی پەروەردە بە بەشداریی سەندیکای مامۆستایان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.

- وەزارەتی دارایی عێراق کرێی گواستنەوەی سەرپەرشتانی پەروەردەیی دابین دەکات، وەک لە بودجەی هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی پەروەردەی سەر بە وەزارەت تەرخان کراوە.

- وەزارەتی پەروەردە بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆ بەڕێوەبردنی کاری ئیدارەی قوتابخانەکان خەرج دەکات، بۆ هەر وەرزێکی خوێندن.

- چالاککردنی سەرجەم بڕگەکانی یاسای پاراستنی مامۆستا، ژمارە ٨ـی ساڵی ٢٠١٨.

- ئامارگیرییەکی ئەو قوتابخانانە بکرێت کە ١٠٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکانەوە دوورن، بۆ زانینی کەمیی میلاکاتی مامۆستا و فەرمانبەران، تاوەکوو چارەسەرێکی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.

- وەزارەتی دارایی عێراق دیراسەی هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتکردنی بێبەرامبەر دەکات، بۆ مەبەستی پاداشت و پلەبەرزکردنەوە.

- پێدانی قەرزی دارایی بە فەرمانبەرانی پەروەردەیی و لە بانکە حکومەتییەکانەوە، بە رێژەیەکی کەمی سوود، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان.














گەلەری