PM:08:54:07/04/2025
2544 جار خوێندراوەتەوە
پسپۆڕانی تاقیگەی فەلەکناسی خۆر لە ئەکادیمیای زانستی رووسیا رایانگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا زریانێکی موگناتیسی روو لە زەوی دەکات.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە چالاکییەکانی خۆر لە ئێستادا لە ئاستێکی بەرزدایە، لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری رابردوودا ١١ جار درەوشانەوەی نوێی بە پلەی مامناوەند روویداوە، هەرچەندە بڵێسەکانی بەهێز نین بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر زەوی بەدەردەکەوێت.
بە وتەی شارەزایان پێشبینی دەکرێت لە ١٠ و ١١ی نیساندا تێکچوونی کێڵگە موگناتیسیەکانی زەوی و زریانی موگناتیسی رووبدات.
ئاماژەیان بەوەش کردووە لە شەوی ٦ی نیساندا زریانی موگناتیسی G1 و G2 لاواز و مامناوەند روویداوە.
بە وتەی پسپۆڕانی تاقیگەی فەلەکناسی خۆر، هۆکاری سەرەکی دیار بۆ تێکچوونی دۆخی جیۆموگناتیسی زاڵبوونی پێکهاتەیەکی نەرێنی بەهێزی کێڵگە موگناتیسییەکەیە لە بای خۆردا، ئەم پێکهاتەیەش ئاماژە بە ئاراستەی پێچەوانەی کێڵگەی زەوی دەکات.