PM:05:21:04/04/2025
1392 جار خوێندراوەتەوە
مین بەو جۆرە چەكە شارەوە مەترسیدارە دەوترێت كە لە ماددەی تەقەمەنی پێكهاتووە و لە چوارچێوەیەكی كانزایى یاخود تەختە و پلاستیكیدا دەشاردرێتەوە و بە هێز خستە سەر بەو كەسە یاخود ئەو تەنەدا دەتەقێتەوە كە لێوەی نزیكە.
ئەو چەكە لەژێر خاك و چەند شوێنێكی دیكەی جیاواز لەلایەن هێزێكی سەربازی یاخود گروپێكی چەكدارەوە دەشاردرێتەوە، تاوەكو لایەنی بەرامبەر بكاتە ئامانج، بەڵام زۆرجار بە كەسانی مەدەنیدا دەتەقێتەوە و ئەوان دەبنە قوربانی.
بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بەرامبەر
مەترسییەكانی مین، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە رۆژێكی جیهانیی
بۆ دیاریكرووە كە لە چواری نیساندا یاد دەكرێتەوە، مەبەستیش لە دیاریكردنی
بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەكە و پاكردنەوەی ئەو ناوچانەیە كە مینڕێژكراون.
هەرێمی كوردستانیش یەكێك لەو
ناوچانەی بەشێكی خاكەكەی مینڕێژكراوە، بەهۆی داگیركاری بەردەوامی خاكی كوردستان و
كێشە و ململانێی نێوان هێزە كوردییەكان و حكومەتی عێراق، هەروەها جەنگی هەشت ساڵەی
عێراق و ئێران، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان رووبەرێكی درێژی سنووری لەگەڵ ئێران
هەیە.
ئەو ملیۆنان مینەی لەهەرێمی
كوردستان چێندراوە قوربانییەكی زۆری لێكەوتووە، بەجۆرێك بەپێی ئامارەكانی دەزگای
مین زیاتر لە ١٣ هەزار و ٥٠٠كەس بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٦٥٠
كەسیان گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی ١١ هەزار كەسی دیكەش برینداربوون
كەبەشێكیان كەسانی مەدەنی و بەشێكی دیكەشیان كارمەندانی دەزگای مین و رێكخراوە
ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان بوون كە كاریان پاكردنەوەی ناوچە مینڕێژكراوەكان بووە.
ئەو ئامارانە لە دوای راپەڕینەكەی
ساڵی ١٩٩١ەوە تۆماركراون، بێگومان لە سەردەمی رژێمی بەعسیشدا، سەدان پێشمەرگە و
كەسانی مەدەنی بوونەتە قوربانی ئەو چەكە.
هەر لەدوای راپەڕینەوە زیاتر لە ٥٠٠
هەزار كیلۆمەتر لە كێڵگەكانی مین لە باشووری كوردستان، لەلایەن دەزگای مین و
رێكخراوەكانەوە پاك كراونەتەوە و توانراوە دووبارە سوود لەو خاك و زەوییانە
وەربگیرێتەوە.