سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی دانیمارک بۆ ترەمپ: ناتوانن وڵاتێک بخەنە پاڵ خۆتان

PM:12:39:04/04/2025

2120 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی دانیمارک لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ گرین لاند دووپاتی لە یەکپارچەیی خاکی ئەو دوورگە فراوانە کردەوە کە ئەمەریکا بەنیازە بیخاتە پاڵ خۆی.


ئەمڕۆ هەینی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٥، میتی فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک بەزمانی ئینگلیزی پەیامێکی ئاڕاستەی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ناتوانن وڵاتێک بخەنە پاڵ خۆتان، دووپاتی کردەوە، دانیمارک بەمە رازی نابێت.

ئەوەش دوای ئەوەهات رۆژی چوارشەممەی رابردوو، میتی فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک بە سەردانێک گەیشتە گرین لاند و سەردانەکەی بۆ ماوەی سێ رۆژ بوو، لەپێناو نیشاندانی پشتیوانی بۆ یەکپارچەیی خاکی گرین لاند و رەت کردنەوەی هەڕەشەکانی ئەمەریکا.

میتی فرێدریکسن سواری بەلەمێکی هێزی دەریایی دانیمارکی بوو، لە گەشتێکی نێو ئاوی دوورگەکە بە هاوڕێیەتی سەرۆک وەزیرانی نوێی گرین لاند، یەنس فرێدریک نیلسن و سەرۆکی پێشووی ئەو هەرێمە میوت ئێگدی، بە دەوری نوکی پایتەختی گرین لاندا سووڕانەوە.

رادیۆی گشتی دانیمارک بڵاوی کردەوە، ژمارەیەکی زۆر خەڵک پێشوازییان لە میتی فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک کرد.

دوای گەیشتنی بۆ گرین لاند لە رۆژی چوارشەممەی ڕرابردوو، مێتی فرێدریکسن وتی، سەرباری ئەو فشارەی ئەمریکییەکان دەیخەنە سەر گرین لاند، لە رووی سەروەری و سنوورەکان و داهاتووەوە، پێویستە گرین لاند یەکگرتوو بمێنێتەوە.
سەردانەکەی مێتی فرێدریکسن دوای سەردانەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دێت کە هەفتەی ڕابردوو بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە دانیمارک کردی.

سەردانەکەی ڤانس گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و دانیمارکی زیاتر کرد، چونکە کۆپنهاگنی بەوە تۆمەتبار کرد "هیچ شتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی گرین لاند ناکات".

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مارکۆ روبیۆ، دوێنێ پێنجشەممە هاوتا دانیمارکیەکەی لارس لۆک راسموسنی دڵنیا کردووەتەوە لە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات.













گەلەری