سەردێڕ:

عێراق دوو کارگەی دیکەی بەرهەمهێنانی پێداویستییە پزیشکییەکانی کردەوە

PM:12:18:02/11/2024

1256 جار خوێندراوەتەوە

بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو کارگەی تایبەت بە پێداوویستییە تەندروستییەکان لە پارێزگای بەغدا قەزای ئەبوغرێب کرانەوە.


نوسینگەی محەمەد شیاح سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند،ن بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشێوەیەکی ئۆنلاین، کارگەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنای پێداویستییە تەندروستییەکان لە قەزای ئەبوغرێب کرایەوە.

باس لەوەش کراوە، لە بەغداش کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ئەو گیراوانە دروستکراوە کە لە خوێنبەرەکاندا بەکاردەهێنرێن.

لە دوو هەفتەی رابردووشدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کردنەوەی چەند کارگەیەکی دەرماندا ئامادە بوو، کە پیشەسازی دەکەن لە بواری دەرمانە دژە زیندەییەکان و بەهێزکردنی بەرگری و رایگەیاند، ئەم کارگانە ٢٥٪ی پێویستی دەرمان لە عێراقدا پڕ دەکەنەوە.

وتیشی، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو خۆبژێوی و ئاسایشی دەرمان، لەکاتێکدا بەرهەمی ناوخۆ ١٠٪ی پێداویستییەکان پڕدەکاتەوە.

لەوبارەیەشەوە رافع راوی سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای پیشەسازی دەرمانی مۆدێرن رایگەیاند، ئەم کارگانە بەم زووانە سەرجەم جۆرەکانی دەرمانی شێرپەنجە بەرهەم دەهێنن.

وتیشی، ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بن ئەوا لەماوەی شەش ساڵی داهاتوودا وڵاتەکە دەتوانێت بگاتە نزیکەیی ٨٠٪ی خۆبژێوی لە پیشەسازی دەرماندا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق بەردەوام هەوڵدەدەت بگات بە ئاستی خۆبژێوی لە سەرجەم کەرتەکاندا.













گەلەری

‌بەپەلە