وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەماوە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا داهاتی نەوتی و نانەوتی زیاتر بووە لە ٣١ ترلیۆن دینار و زیاتر لە شەش ترلیۆن دینار داهاتی عێراق سەرڕێژی کردووە. دەشڵێت، "داهاتی نانەوتی عێراق لە مانگی ئازاردا بە رێژەی ١٠٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە".
وەزارەتی دارایی عێراق راپۆرتی دارایی داهات و خەرجییەکانی عێراقی بۆ سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە تێکڕا ٣١ ترلیۆن و ٢٢٢ ملیار و ٧٥٢ ملیۆن و ٦٩٨ هەزار دینار بووە لەو رێژەیەش ٨٩٪ـی داهاتی نەوتی بووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، داهاتی نانەوتی عێراق لەمانگی ئازاردا بەراورد بە مانگی
شوبات بەرێژەی ١٠٠٪ گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و تێکڕای داهاتی نانەوتیش ١١٪ـی داهاتی
چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بووە کە بەرامبەر بووە بە سێ ترلیۆن و٥٣٣ ملیار و ٩٣٢ ملیۆن
و ٤٠ هەزار دینار.
ئەوەش خراوەتە روو، خەرجی عێراق بۆ سەرجەم کەرتەکان زیاتر بووە لە ٢٥ ترلیۆن
و ٧٧ ملیار دینار کە تێکڕای ٨١٪ـی داهاتی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ دەکات، جیاوازی
داهات و خەرجی کە بە سەرڕێژی داهات دادەندرێت، شەش ترلیۆن و ١٤٥ ملیار و ٧١٠ ملیۆن
و ٦٨٠ هەزار دینارە.
داهات و خەرجی عێراق لە مانگی یەکدا؛
تێکڕای داهاتی عێراق لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ١١ ترلیۆن و ٥٤٢
ملیار بووە و لەو ریژەیەش ٨٩٪ـی داهاتی نەوتی بووە و ١١٪ـی داهاتی نانەوتی بووە، تێکڕای
خەرجی عێراق لەو مانگەدا هەشت ترلیۆن و ٧٩١ ملیار دینار بووە و بڕی ٢٣٪ـی داهاتی عێراق
سەرڕێژ بووە.
داهات و خەرجی عێراق لە مانگی دوودا:
مانگی شوبات بە مانگی گەشەی ئابووری نەوت ناسراوە، لەو مانگەشدا تێکڕای
داهات گەیشتووەتە هەشت ترلیۆن و ٩٢٣ ملیار، لەو رێژەیەش داهاتی نەوتی ٩١٪بووە و
داهاتی نانەوتیش ٩٪ بووە.
خەرجی عێراق لە مانگی شوباتدا حەوت ترلیۆن و ٧٧٩ ملیار دینار بووە و جیاوازی
نێوان داهات و خەرجی مانگی شوبات یەک ترلیۆن و ١٥٢ ملیار دینار بووە کە بە تێکڕا
١٢.٩٪ سەرڕێژبوونی داهاتی هەبووە لەو مانگەدا.
داهات و خەرجی عێراق لە
مانگی سێدا؛
مانگی ئازار وەک کۆتا
مانگی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی عێراق تێکڕای داهاتی نەوتی و نانەوتی زیاتر بووە لە ١٠ ترلیۆن و ٧٥٧ ملیار دینار کە
بەبەرزترین ئاستی داهاتی مانگانە داندراوە لە چارەکی یەکەمدا و تیکڕای خەرجی زیاتر
بووە لە هەشت ترلیۆن و ٥١٤ ملیار دینار.
سەر رێژبوونی داهاتی
مانگی ئازار بەراورد بە مانگی شوبات بەرێژەی ٨٪ زیادی کردووە و بەتێکڕاش دوو
ترلیۆن و ٢٤٢ ملیار و ٧٨٢ ملیۆن دیناربووە کە بەرامبەرە بە سەرڕێژبوونی ٢٠.٨٪ـی
داهات و خەرجی.
سەررێژبوونی داهاتی عێراق لە سێ مانگی سەرەتادا؛
سیستمی دارایی عێراق ساڵانە پاڵپشتی سەرڕێژبوونی داهاتی نەوتی و نانەوتی دەکات
بەمەبەستی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ساڵانە بە گوێرەی بودجەی سێ سآڵەی عێراق
٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥.
هاوکات بە تێکڕا زیاتر لە شەش ترلیۆن ١٤٥ ملیار و ٧١٠ ملیۆن دینار سەرڕێژبوونی
داهاتی هەبووە بەهۆی جیاوازی لە بەرزبوونەوەی داهات بەراورد بە تێکڕای خەرجییەکان.