سەردێڕ:

قائیمقامی هەولێر بۆ ئێن ئاڕ تی: چەند كەسێك لەسەر ئاگرەكەی شەوی رابردوو دەستگیر کراون

PM:01:25:06/05/2024

5044 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند ، لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەری هەولێر چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە. دەشڵێت، " بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان نزیکەی ٣٧٢ دوکان لە بازاڕەکەدا سووتاون".


ئەمڕۆ دووشەممە، نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی قەبارەی زیانەکانی ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی قەیسەری هەولێر پێکهێنراوە بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکان بە تەواوی دەرنەچوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ژمارەی ئەو دوکانانەی بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون بە نزیکەی ٣٧٢ دوکان مەزەندە دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها چەند کەسێک بەهۆی ئاگرەکەوە بریندار ببوون و لەدوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە. وتیشی، تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی ٥ـی ئایار ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و چەندان تیمی بەرگری شارستانی هەولێر خرانە ئامادەباشییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

هاوکات، بۆ دووەم جاریشە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بکەوێتەوە و لەمساڵدا چوارەم رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوەیە لە بازاڕەکانی هەولێردا.

٢٧ـی شوباتی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، ئەوکات پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ١٦٦ دوکان بەتەواوی سوتاون نزیکەی ٩٠ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە کە ٢٤ کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کران.

دواتر و لە ٨ـی نیسانی ئەمساڵدا، دووبارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و ئەمجارە بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ٥٠ دوکان سوتان، ئەوەش سێیەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوو لە بازاڕەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە.

لە ٢٣ـی نیسانی ئەمساڵیشدا، ئاگر لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە چەندین دوکان سوتان و کاسبکاران دووبارە زیانێکی زۆریان بەرکەوت.

هاوکات، لە سەرجەم رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا لەمساڵدا، زیانێکی زۆر بەر کاسبکار و خاوەن دوکانەکان کەوتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش تا ئێستا قەرەبووی ئەو کەسانەی نەکردووەتەوە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیانیان بەرکەوتووە و زۆربوونی ژمارەی رووداوەکان، گومانی لای هاوڵاتییان و کاسبکاران دروست کردووە.













گەلەری