سەردێڕ:

دژی دواکەوتنی مووچە؛ بەڕێوەبەرایەتییەکی سلێمانی بایکۆتی کارکردنی راگەیاند

AM:11:39:06/05/2024

2416 جار خوێندراوەتەوە

دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بایکۆتی کارەکانیان کرد و هیچ مامەڵەیەکی هاوڵاتییان رایی ناکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچە بایکۆتی کارەکانیان کرد و مامەڵەی هاوڵاتییان رایی ناکەن. ئەو کارمەندانە باس لەوە دەکەن، لە مانگی ئایاردان و تا ئێستا مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە و دیاریش نییە کەی مووچە دێت و دابەش دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە حکومەتی عێراق داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات لیستی مووچەی مووچەخۆرانیان بۆ مانگی نیسان بۆ بنێرن، سەرەڕای درەنگ ناردنی لیستەکە لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام گرفت لە لیستەکە و دەرخستەی کۆتایی مانگی ئازاریشدا هەبوو، ئەوەش ناردنی مووچەی دواخستبوو و لە ئێستاشدا گرفتی ئەوە هەیە، کە هەرێم داهاتەکانی رادەستی بەغدا ناکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەغدا مووچەی مووچەخۆران بنێرێت.

هاوکات، لەدوایین لێدوانیشدا وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاندووە، هەموو رێکارەکانیان جێبەجێکردووە و چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراقن پارە بنێرێت.

لەبەرامبەریشدا، وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەکردووە، سوورن لەسەر رادەستکردنی داهاتی نانەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە پاشان مووچەی مووچەخۆران دەنێرن.

پێشتریش، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک وەک داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە نەنێردراوە بۆسەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە.
ئیحسان سابر، سلێمانی













گەلەری