سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی عێراق: بانکی TBI هەژماری بانکی بۆ ٧٠٠ هەزار مووچەخۆری هەرێم دەکاتەوە

AM:10:01:06/05/2024

2332 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق "TBI"ـەوە، هەژماری بانکی بۆ ٧٠٠ هەزار مووچەخۆری هەرێم دەکرێتەوە. دەشڵێت، " بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانکی TBIـەوە پەیوەندی بە هەژماری منەوە نییە".


محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەلایەن بانکی TBIـەوە دەبێت و ئەو بانکە هیچ پەیوەندی بە هەژماری منەوە نییە.

هاوکات، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ سودانی کۆبوونەتەوە و باسیان لە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کردووە و پێی راگەیاندوون، بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن بانکی TBIـەوە دەبێت.

باسی لەوەش کرد، سودانی پێی وتوون کاتێک داهاتی ناوخۆ رادەست کرا، بە لیست و تا کۆتایی بەبانکیکردنی مووچە مووچەی مووچەخۆران دەنێرن.

پێشتریش، ئەحمەد خەزرەجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی تی بی ئای لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەژماری منی بەتەواوی رەتکردەوە، داواشی لێکردوون کە بە زووترین کات دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەست بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن و لە ژێر رێنمایی وەزارەتی دارایی بۆ سیستمی بەبانکیکردنی مووچە کاردەکەن. وتیشی، "هیچ زانیارییەکمان لەبارەی هەژماری منەوە نییە و ناشچینە پاڵ هیچ پڕۆژەیەک لەدەرەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای فشارەکانی نەوەی نوێ و پێداگیری حکومەتی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لەڕێگای بانکی TBIـەوە، پڕۆژەى هەژمارى منی مەسرور بارزانى نزیک بووەتەوە لە هەڵوەشانەوە و بەپێی نوسراوێک حکومەتی ماوە بەسەرچوو رازی بووە بە کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکەکانی تی بی ئای و رەشید و رافیدەین.

بیرۆکەی هەژماری من ئەوە بوو موچەخۆران تەنها لەو پێنج بانکە ژمارە حساب بکەنەوە کە پارتی و یەکێتی دیارییان کردوە، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆران لەژێر دەستی خۆیان بێت.

پێشتریش نەوەی نوێ بە دوو پرۆژە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و گواستنەی مووچەکانیان بۆ سەر بانکە عێراقیەکان، ١١٩ واژۆی پەرلەمانتارانی کۆکردەوە رادەستی سودانی کرد.













گەلەری