سەردێڕ:

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بۆ ئێن ئاڕ تی: بەنداوەکە ٢٥ سانتیمەتری ماوە بۆ سەرڕێژبوون

PM:07:13:05/05/2024

1216 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بارانبارینی رۆژانی رابردوو بووە هۆی زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و لە ئێستادا بەنداوەکە تەنها ٢٥ سانتیمەتری ماوە بۆ سەرڕێژبوون.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لەپێناو پڕکردنەوەی کەمی بەرهەمهێنانی کارەبا، بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو نەبووە هۆی سەرڕێژبوونی بەنداوەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا بەنداوی دەربەندیخان تەنها ٢٥ سانتیمەتری ماوە بۆ ئەوەی سەرڕێژ ببێت و ئەگەر بارانبارین لە چەند رۆژی داهاتوودا بەردەوام بێت پێشبینی دەکەن بەنداوەکە سەرڕێژ ببێت.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی بارانبارینی رۆژانی رابردوو لە تەواوی عێراق و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان لە هەرێم لەگەڵ بەنداوی موسڵ و حەمرین و عەزیم لە عێراق زیادیان کردووە.

رۆژی رابردووش، عەون زیاب وەزیرى سەرچاوەکانی ئاوی عێراق باسی لەوە کرد، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی کە رووی لە ناوچەکە کردووە سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە رێژەی ١٠٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە و بەشێکیش لە زۆنگاوەکانى عێراق بوژاونەتەوە و مەترسى وشکبوونیان تێپەڕاندووە. وتیشی، "رێرەوێکی ئاوی بۆ سوود وەرگرتن لەو لافاوانەی کە لە هەرێم روودەدەن دروستدەکەین".













گەلەری