سەردێڕ:

لە دوو رووداوی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسیش بریندار بوون

PM:08:33:02/05/2024

1648 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک بەنداوی سماقوڵی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا. هاوکات پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، لە دەربەندی شەقڵاوە بە هۆی رووداوێکی هاتوچۆوە شەش کەس بریندار بوون.


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر رێگای کۆیە – سماقوڵی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری لاندکرۆزەر بەهۆی خێراییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئەنجامی رووداوەکە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکەش بریندار بووە و لە ئێستاشدا بەمەبەستی چارەسەرکردن رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

هاوکات پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، کاتژمێر ٣:٠٠ لەسەر رێگای دەربەندی شەقڵاوە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا شەش کەس برینداربوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئەنجامی خێرایی و خراپی رێگاوبانەکانەوە دروستدەبن کە تا ئێستا چارەسەر نەکراون و بەهۆی بوونی چاڵ و چۆڵی لە رێگاکاندا شۆفێران کۆنتڕۆڵ لەدەست دەدەن و دووچاری رووداوی هاتوچۆ دەبنەوە.

کەریم کەیفی – سۆران













گەلەری