سەردێڕ:

توێژینەوەیەک: سەرکەوتن بەسەر پلیکانەدا تەمەن درێژ دەکات

AM:09:43:27/04/2024

1380 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکاندا یارمەتیدەر دەبێت لە درێژکردنی تەمەنی مرۆڤەکاندا.


لە کۆنفرانسێکی زانستیدا لە ئەسینا، توێژینەوەیەک پێشکەشکراوە لەبارەی پەیوەندی تەمەن درێژی لەگەڵ سەرکەوتن بەسەر پلیکانەدا و سۆفی بادۆکی نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەگەر بژاردەی پلیکانەکان یان بەرزکەرەوەکەت هەیە، ئەوا بە پلیکانەکان هەڵبژێرە چونکە یارمەتی دڵت دەدات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنانەت رۆژانە تەرخانکردنی ماوەیەکی کورت بۆ ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی کاریگەری ئەرێنی و سوودبەخشی هەیە، هەربۆیە پێی وایە، مرۆڤەکان پێویستە لە ژیانی رۆژانەیاندا، پلیکانەکان بەکاربهێنن بەوپێیەی یەکێکە لەو چالاکییانەی تەندروستی جەستە باشتر دەکات.

ئەو کەسانەی بەشداری توێژینەوەکەیان کردبوو، هەم بەشداربووانی تەندروست بووون و هەم ئەوانەش بوون کە پێشتر نەخۆشی دڵیان هەبووە، بە گشتی بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان ٣٥ بۆ ٨٤ ساڵدا بووە و ٥٣%یان ژن بوون.

پاشان بەراوردێک کراوە لە نێوان ئەو کەسانەی بۆ کاروباری رۆژانەیان پلیکانەکان بەکاردەهێنن لەگەڵ ئەوانەی پلیکانەکان بەکارناهێنن، لە دەرئەنجامی توێژینەوەکە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی پلیکانەکەن مەترسی مردن بە ڕێژەی ٢٤% کەمتر دەکەنەوە، هەروەها مەترسی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە بە ڕێژەی ٣٩% کەم دەکەنەوە.

توێژەران پێیان وایە تا زیاتر بەسەر پلیکانەکاندا سەرکەون، سوودەکانی زیاتر دەبن چونکە سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکاندا پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە لەوانە جەڵتەی دڵ و سستبوونی دڵ و جەڵتەی مێشک.













گەلەری