سەردێڕ:

بەلەمێک بە ١١٠ کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوت و پێنج کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

PM:02:50:23/04/2024

1064 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران بە زیاتر لە ١٠٠ کۆچبەرەوە لەکاتی تێپەڕبوون بە کەناڵی ئینگلیزدا ژێرئاو کەوت و لە ئەنجامدا پێنج کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ سێشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بە مەبەستی پەڕینەوە لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزدا، بەلەمێک بە ١١٠ کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوت.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، پێنج کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی فەڕەنساش بەردەوامن لە گەڕان بەشوێن ئەو کۆچبەرانەی بێسەروشوێن بوون.

ئەو رووداوە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە کە بڕیارە هەر لەمساڵدا یەکەم فڕۆکەی کۆچبەران بەرەو رواندا بفڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش دوو هەزار و ٢٠٠ شوێن ئامادە کراوە بۆ ئەو پرسە، هەروەها ٢٠٠ دادگای تایبەت بە پەنابەران دانراون.

پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە دوای چەند جارێک مشتومڕکردن لەبارەیەوە هاوکات رەتکردنەوەی لە ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیاوە، ئەمڕۆ ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٤ لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە پەسەند کرا.

پێشتر لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ـدا، بەریتانیا و رواندا رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ناردنی هەندێک لەو کۆچبەرانە بۆ رواندا کە بە نایاسایی لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە دەچنە بەریتانیا، بەجۆرێک، لە رواندا داواکاریی مافی پەنابەرییان جێبەجێ دەکرێت، رێککەوتنەکەش ئەو کۆچبەرانەی دەگرتەوە کە لە مانگی ١ـی ٢٠٢٢ـەوە بە رێگای نایاسایی "وشکانی، ئاوی، ئاسمانی" گەیشتبوونە بەریتانیا.

کەناڵی ئینگلیز یەکێکە لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردنی نایاسایی کە کۆچبەران بۆ گەیشتن بە خاکی بەریتانیا پەنای بۆ دەبەن و ساڵانە چەندین کۆچبەر لەو رێگایەدا گیان لەدەست دەدەن و بێسەروشوێن دەبن.













گەلەری