سەردێڕ:

زیلینسکی: هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ

PM:11:24:21/04/2024

1920 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، هاوکاریکردنی ئەمریکا بە بڕی زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار بە ئۆکرانیا دەبێتە هۆی رزگارکردنی ژیانی خەڵکی و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا لەگەڵ روسیا.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، داوا لە ئەمریکا دەکات پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای هاوکاری کردنی ئۆکرانیا لە ئەنجومەنی پیران.

ئاماژەی بەوەش کرد، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بە بڕی ٦٠ ملیار دۆلار لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە، پەیامێکی توند دەگەیەنێت بە روسیا.

ئەوەشی خستە روو، ئەو هاوکارییەی ئەمریکا دەبێتە هۆی رزگارکردنی ژیانی خەڵکی ئۆکرانیا و رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ و کۆتایی هێنان بەو جەنگە لەگەڵ روسیا.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، رۆژی رابردوو کۆنگرێسی ئەمریکا بەپێی زۆرترین دەنگ پڕۆژەیاسای هاوکاریکردنی ئۆکرانیای بە بڕی ٦٠ ملیار و ٨٤٠ ملیۆن دۆلار پەسەند کرد و بڕیارە ئەنجومەنی پیرانیش لە هەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدات.

لە ٢٤ـی شووباتی ٢٠٢٢، بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی زەمینیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپیکرد و لەو کاتەوە بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون بەهۆی جەنگەکەوە.













گەلەری