سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی: بانکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی چاکسازی دارایی عێراق دەکات

AM:09:05:20/04/2024

1664 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی گۆڕانکاری و پاڵپشتی سیاسەتی دراو وەزیری دارایی لەگەڵ سەرۆکی نوێنەرایەتی بانکی نێودەوڵەتی کۆبوونەتەوە و بە گوێرەی کۆبوونەوەکەش رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە چاکسازی لە داهاتی نەوتی و نانەوتیدا کراوە. دەشڵێت، "وەزیری دارایی پێشبینییەکانی بۆ گەشەی سیاسەتی دراوی نەختینەی عێراق لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی تاوتوێ کردووە".


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگایەکی نوێ بۆ گەشەی ئابووری و سیاسەتی دراو و نەختینە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ جان کیوم بەرپرسی نوێنەرایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆبووەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی رێگاکانی گەشەسەندن و چاکسازیکردن لە سیستمی دارایی و داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق کراوە و بڕیاریش دراوە بە باشترکردنی ژیرخانی ئابووریی عێراق کە کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانن.

باس لەوەش کراوە، لە درێژەی کۆبوونەوەکاندا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە میکانیزمی گۆڕانکاری و پێشبینییەکانیان بۆ سیاسەتی دراوی عێراق لەگەڵ جیهاد ئازۆر بەڕیوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لە بانکی نێودەوڵەتی کۆبووەوە. وتیشی، "وەزیری دارایی جەختی لە هەبوونی ناوەندی گەشەی دارایی عێراق کردووەتەوە لە بانکی نێودەوڵەتی کە بە هۆیەوە سەرپەرشتی گەشەی ئابووری عێراق دەکرێت".

لە بەرامبەریشدا، هەریەک لە جان کیوم بەرپرسی نوێنەرایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و جیهاد ئازۆر بەڕیوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لە بانکی نێودەوڵەتی، هەوڵەکانی عێراقیان بەرز نرخاند بۆ گەشەی ئابووری و هەنگاوەکانی چاکسازی لە سیاسەتی دراودا، جەختیان لەوەش کردەوە کە بانکی نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق دەکات لە چاکسازیی دارایی و ئابووری نانەوتی و نەوتیدا.













گەلەری