سەردێڕ:

سزای سەر پێنج بانکی عێراق هەڵگیرا؛ داهاتووی دۆلار و بانکەکان بەکوێ دەگات؟

PM:09:37:18/04/2024

1852 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق و جەی پی مۆرگان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر هەڵگرتنی سزای سەر پێنج بانکی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن و دەتوانن لەمەودوا مامەڵەی حەواڵەی دەرەکی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی و دەرەکی ئەنجام بدەن. دەشڵێت،" ئەو پێنج بانکە پێشتر بە رێژەیەکی دیاریکراو لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزا درابوون نەوەک بەتەواوی".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە کۆبوونەوەی شاندی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بانکی ناوەندی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە فراوانکردنی میکانیزمی دۆلاری حەواڵە گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نوێ.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکە پێنج بانک لەو ١٠ بانکە سزادراوە دەتوانن بە تەواوی وەک هاوبەشی بانکی لە دابینکردنی دۆلاری حەواڵە بۆ بازرگانانی ناوخۆی و دەرەکی لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەشداری لە مەزادی بانکی ناوەندیدا بکەن.
وتیشی،" ئەو پێنج بانکە تەنها بەشدارن لە گواستنەوە و دابینکردنی دۆلار بۆ بازرگانان بۆیە لە مەودای پێنج بۆ ١٥ ملیۆن دۆلاری رۆژانە پێویستیان بە گەڕانەوە نییە بۆ بانکی ناوەندی چونکە بەشدارن لە سیستەمی بانکیدا
".

لای خۆشیەوە، سەرۆکی بانکی جەی پی مۆرگان رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی عێراق بۆ گەشەپێدانی بانکە حکومی و تایبەتەکان و هەروەها ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی شارەزایی و راهێنانی بانکی بە عێراق.

یەکەم کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا؛

رۆژی ٩ـی نیسان بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی بانکە سزادراوەکانەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نوێنەرایەتی بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەی ئاساییان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵگرتنی سزای سەر بانکەکانی عێراق گەیشتنە رێککەوتنێک لە سوودی بانکەکانی عێراق. وتیشی، " هێشتا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە بانکەکانی دیکە و بۆ ئەومەبەستە ئەنجوومەنی چاکسازی بانکەکان دروستکراوە کە تێیدا بانکەکان لەژێر رێنمایی بانکی ناوەندی و ئەمریکا مامەڵەداراییەکانیان دەست پێ دەکەنەوە".

قۆناغی سەرەتایی لێخۆشبوون لە بانکە سزادراوەکان؛

بەرپرسی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی ٦ـی نیسان لەگەڵ نوێنەرایەتی ٣٢ بانکە سزادراوەکە کۆبوونەتەوە و بە گوێرەی کۆبوونەوەکەش بڕیاردراوە کە لە چوارچێوەی سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی چاکسازییان تێدا بکرێت و لە قۆناغی سەرەتاشدا بە شێوەیەکی دیاریکراو دەتوانن داواکاری بۆ کڕینی دۆلار و تمەن و یۆرۆ و لیرە و یێنی چینی پێشکەش بکەن کە لە ٧٪ تێکڕای رێژەی فرۆش زیاتر نەبێت.

جەختی لەوەش کردەوە، لە درێژەی هەنگاوەکانیاندا بۆ چاودێریکردنی سەرجەم مامەڵەداراییەکان لە هەفتەی داهاتووەوە نرخی دۆلار لە خوار ١٤٥ هەزار دینارەوە سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت و سەرجەم بانکەکانیش لە ژێرچاودێری بانکی نێودەوڵەتی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەبێ هیچ گرفتێک دەست بە مامەڵەکانیان دەکەنەوە.

کاریگەریی هەڵگرتنی سزای سەر بانکەکان لەسەر ناوخۆی عێراق؛

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە بانکە سزادراوەکان بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لەسەریان بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی بازرگانی ناوخۆی و دەرەکی لە گفتوگۆدان. وتیشی، " دۆلار و هیچ دراوێکی دیکە نادرێتە هیچ بانک و بازرگانێک، ئەگەر نەزانرێت بۆچیەتی و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لە سیستەمی سویفتدا خۆیان تۆماربکەن بە پێچەوانەوە مافی مامەڵەکردنیان بە دۆلار نامێنێت".

هێڤیدار شەعبان – دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری