بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر گردبوونەوە و باسیان لەوەکرد، لە بازگەکان پارتی و یەکێتی ڕێگەنادەن لەنێوان هەولێر و سلێمانی هاتوچۆ بکەن یانیش بە ناوی سۆنەرەوە پارەیان لێ وەردەگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر بەهۆی رێگریکردن لێیان لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە لە بازگەکان گیریان خواردووە وناتوانن لەنێوان هەولێر و سلێمانی هاتوچۆ بکەن.
ئەوەشیان خستە روو،
ئەوان تەنها شۆفێرن و ساڵانە پارەی ژینگە و چەندان باج دەدەن، بەڵام رێگاکانیان بۆ
چاک ناکەن تاوەکو کار بکەن پارتی و یەکێتی رێگریان لێ دەکەن.
یەکێک لە شۆفێرەکان ئاماژەی
بەوە کرد، دوو رۆژە بەردەوامن لە گردبوونەوە و هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار نەهاتووە
بەدەم داواکەیانەوە و هێزە ئەمنییەکان داوایان لێکردوون شوێنەکە چۆڵ بکەن.
لە ئێستادا، رێگای
سکتان- کۆیە، سماقوڵی سلێمانی، کۆیە- تەق تەق داخراوە و دانیشتوانی ئەو ناوچانە و
شۆفێرانی تانکەرەکانیش گلەییان لە خراپی رێگاکان هەیە و داوادەکەن رێگایەکی
گونجاویان بۆ دروست بکرێت.
شەوی رابردووش، بەشێک
لە هاوڵاتیانی تەق تەق لە کۆیە لە دژی خراپی رێگەوبانەکانیان گردبوونەوە و رێگای سەرەکی
شارەکەیان داخست و باسیان لەوە کرد رێگاوبانەکانیان لە دۆخێکی خراپدان و بەهۆی ئەوەی
بەشێکی زۆری تانکەرە نەوتەکان بەو شارەدا تێپەڕ دەبن رێگەوبانەکان خراپتر بوون و
داواش دەکەن رێگاکانیان بۆ چاک بکرێت.
ئەوەشیان خستە روو، رۆژانە
هەزاران تانکەر نەوت بە شارەکەیاندا تێپەڕدەبن و دەبنە هۆی دروستبوونی رووداوی
هاتوچۆ و رێگەوبانەکانیشیان خراپتر دەکەن و ناشزانن داهاتی ئەو نەوتە بۆ کێیە و بۆچی
بەکاردەهێندرێت، چونکە تەنانەت رێگەکەشیان بۆ نۆژەن ناکەنەوە.