سەردێڕ:

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بۆ ئێن ئاڕ تی: بەنداوەکە نزیکە لە سەرڕێژبوون

PM:03:13:18/04/2024

7868 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٨٤ سانتیمی ماوە تاوەکو بەنداوەکە سەرڕێژ ببێت. دەشڵێت، " ئەگەر ڕێژەی هاتنی ئاو وەک خۆی بێت، ئەوا لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ دەبێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی کاریگەری ئەو شەپۆلە باران بارینەی ئەمساڵ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەگەڵ پلان و میکانیزمی گونجاوی بەردانەوەی ئاو و چۆنێتی سود وەرگرتن لە هاتنی ڕێژەی ئاو بەنداوەکە نزیکە لەوەی سەرڕێژ ببێت.

باسی لەوەش کردووە، سەرەڕای نزیک بوونەوەی بەنداوەکە لەسەرڕێژبوونی، بەڵام ڕێژەی بەردانەوەی ئاو بۆ خواروی بەنداوەکە وەک خۆی بەردەوامبووە، چونکە هاوڵاتیانی خواروی بەنداوەکە بۆ بەکارهێنانی رۆژانەیان و کشتوکاڵ وئاودێری پشت بەئاوی رووباری سیروان دەبەستن.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر رێژەی هاتنی ئاو وەک خۆی بێت، ئەوا لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ دەبێت، چەنکە تەنها ٨٤ سانتیمی ماوە بۆ سەرڕێژبوون.

بەنداوی دەربەندیخان دەکەوێتە دەربەندیخان و لەسەر رووباری سیروان بۆ مەبەستی گلدانەوەی ئاو و بەدەست هێنانی وزەی کارەبا دروست کراوە و بەرزیەکەی ١٢٨مەترە و پانیەکی لەبنەوە ٥٠٠ مەترە و درێژیەکی بە کەناڵی سەرڕێژەوە ٥٣٥ مەترە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و لە ساڵانی رابردوودشدا سەرڕێژبووە.













گەلەری