سەردێڕ:

میدیاکانی ئەمریکا: سوپای پاسداران بە دەیان مووشەک هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد

PM:11:08:13/04/2024

11476 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، سوپای پاسداران بە دەیان مووشەک هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، لە ئیسرائیل قوتابخانە و زانکۆکان داخران و سوپا خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.


ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن کە دەکرێتە سەریان. هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، "بۆ هەر هێرشیکی ئێران وەڵاممان دەبێت".

هاوکات، بەهۆی گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیلەوە ئوردن گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی راگرت. لەلایەکی دیکەوە، چاوگێکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، دەیان درۆن بە ئاسمانی عێراقدا بە ئاڕاستەی ئیسرائیل تێپەڕبوون.

ئاژانسەکانی جیهانیش بڵاویان کردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیان بۆردومان کردووە، سەرجەم درۆنە مووشەک هەڵگرەکانیش لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە تەقێنراونەتەوە.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەمریکا هێزی پاڵپشتی و بەرگری کە ٣٠٠ سەربازە رەوانەی ئیسرائیل دەکات.

لای خۆشییەوە، دانیاڵ هاگاری وتەبێژی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێران خۆی ئەوەی هەڵبژارد لەگەڵماندا بکەوێتە جەنگەوە".

هاوکات، عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "بەڵێنەکانمان بردە سەر و کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەهێنین بۆ سەر ناوچەکەمان".


 













گەلەری