سەردێڕ:

ژاپۆن بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین رێژەی بەساڵاچووی تێدایە

PM:08:30:12/04/2024

984 جار خوێندراوەتەوە

پەیمانگای توێژینەوەی ژاپۆن رایگەیاند، لە وڵاتی ژاپۆن بەساڵاچووانی سەروو ٦٥ ساڵ زیاتر لە ٢٩٪ـی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن و پێدەچێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی ئەو بەساڵاچووانەی کە بەتەنها دەژین لە ژاپۆن بگاتە رێژەی ٤٧٪.


ئەمڕۆ هەینی، پەیمانگای توێژینەوەی ژاپۆن رایگەیاند، ژاپۆن بە یەکێک لە بەساڵاچووترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت، بەو پێیەی بەساڵاچووانی سەروو ٦٥ ساڵ زیاتر لە ٢٩٪ـی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی ئەو بەساڵاچووانەی کە بەتەنها دەژین لە ژاپۆن بگاتە رێژەی ٤٧٪ و ژمارەی ئەو خانووانەی یەک کەسی تێدا دەژێت بگاتە زیاتر لە ٢٣ ملیۆن خانوو.

ئەوەشی خستە روو، ئەو دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ژمارەی هاوسەرگیری و رێژەی لەدایکبوون، بەوپێیەی نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە سەروو ٥٠ ساڵیەوەیە هەرگیز هاوسەرگیرییان نەکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی کاروباری نیشتیمانی و پەیوەندییەکانی ژاپۆن رایگەیاند، بەپێی ئامارەکانیان تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن زیاتر لە ١٢٤ ملیۆن و ٣٥٢ هەزار کەس بووە و بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٨٣٧ هەزار کەس کەمی کردووە، بەوپێیەش ماوەی ٧٣ ساڵە ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە دابەزینی بەوشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.













گەلەری