سەردێڕ:

پەرلەمانی ئەوروپا دەنگ لەسەر چەند یاسایەکی تایبەت بە کۆچبەران و پەنابەران دەدات

AM:09:02:10/04/2024

1868 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل دەنگ لەسەر چەند یاسایەکی تایبەت بە کۆچبەران و پەنابەران بدات.


رۆژنامەی "زە گواردیان"ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە دانیشتنێکی تایبەتدا گفتوگۆ لەسەر شێوازی وەرگرتنی کۆچبەران و گواستنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتانی دیکە و چەند خاڵێکی دیکەی تایبەت بە کۆچبەران بکات.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دانیشتنەکە لە برۆکسل بەڕێوە دەچێت و لەدوای تاوتوێکردنی ئەو پرسانە، لە کاتژمێر ٦:٠٠ بۆ کاتژمێر ٧:٠٠ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئەوروپا دەنگ لەسەر چەند یاسایەکی تایبەت بە کۆچبەران و پەنابەران دەدرێت.

باسی لەوەش کردووە، یاساکان دانانی سیستەمێکی یەکگرتووی چاودێریکردنی هاوبەش لە هەموو خاڵەکانی سنووری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەخۆدەگرێت، هاوکات ئیتاڵیا و یۆنان داوای پەسەندکردنی میکانیزمێکی کۆدەنگییان کردووە کە رێگەیان پێ بدات پەنابەران بگوازنەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، بەوپێیەی ژمارەی پەنابەران لەو دوو وڵاتەدا بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەر داواکەی ئیتاڵیا و یۆنان پەسەند بکرێت، ئەوا بنکەیەکی زانیاری ناوەندی بە ناوی " یۆرۆداک" دادەمەزرێنرێت کە رێگە بە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەدات ئاگادار بن لەوەی ئەگەر کۆچبەرێک داوای مافی پەنابەری لە وڵاتێکی دیکە کردووە یاخود نا.

هاوکات، یڵڤا جۆهانسۆن کۆمسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری ناوخۆ رایگەیاند، "پرسی کۆچبەران و پەنابەران پرسێکی گرنگە و هەوڵەکانمان بۆ داڕشتنی یاسایەکی گونجاو تایبەت بەو پرسە بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەکانی رابردوودا چەندین دانیشتنی دیکەمان ئەنجام داوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا کە بە مەترسیدارترین رێگای کۆچکردن لە جیهاندا دادەنرێت گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون. هاوکات، بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتانی ئەوروپا چەندین رێوشوێنیان گرتووەتە بەر.













گەلەری