سەردێڕ:

وەزارەتی نەوت بۆ ئێن ئاڕ تی: هیچ گرفتێک لەبەردەم هەناردەی نەوتی هەرێم نەماوە

PM:05:08:06/04/2024

8516 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک-موسڵ-تورکیا تەواو بووە و لە ئێستاشدا تاقیکردنەوەی پەمپکردنی بۆ کراوە. چاوگێکی ئاگاداریش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاقیکردنەوەی پەمپکردنی نەوت و گاز ۱٠٠٪ کۆتایی هاتووە و هیچ گرفتێک نەماوە لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.


ئەمڕۆ شەممە، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا بۆری نەوتی کەرکوک-موسڵ-تورکیا بەتەواوی نۆژەن کراوەتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا گفتوگۆکان لەبارەی وادەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کاری لەپێشینەی حکومەتی عێراق بریتییە لە چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی هەرێم بە رێگەی یاسایی و دەستووری و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەفدێکی وەزارەتی نەوتی تورکیا سەبارەت بە دیاریکردنی کرێی گواستنەوی یەک بەرمیل نەوتی هەرێم کۆبوونەتەوە. وتیشی،" بەگرنگیەوە لە هەناردەی نەوتی هەرێم دەڕوانین".

هاوکات لەو بارەیەشەوە، چاوگێکی ئاگادار لە لیژنەی تەکنیکی نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەفتەی رابردوو دوای تاقیکردنەوەی پەمپکردنی بۆریی نەوتی کەرکوک-موسڵ-تورکیا ئەنجامەکان ئەرێنی بوون بۆ هەناردەی نەوت.

باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ توانای بۆریەکە تاقیکرایەوە بۆ پەمپکردنی گاز ، لە ئێستاشدا ئەو بۆرییە بە تەواوی ئامادەکراوە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

لەلایەکی تریشەوە چاوگێک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، پێشبینی دەکرێت هەناردەی نەوتی هەرێم بکەوێتە دوای سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق. وتیشی، "پرسی نەوتی هەرێم پێویستی بە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری تورکیایە و لەدوای ئەو کۆبوونەوەیەوە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێت، بەگوێرەی رێککەوتنەکانیش، لەبەرامبەر هەر بەرمیلێک نەوت، ٤٠ دینار وەردەگیرێت".
لەو بارەیەشەوە بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێشبینی دەکەن کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بکرێتەوە لە رێگەی بۆریی نەوتی کەرکوک-جەیهان و بەشێکیشی لە رێگەی بۆریی نەوتی کەرکوک – موسڵ- تورکیا هەناردە دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵێک بەسەر راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم تێپەڕ بووە و بە گوێرەی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر، راگرتنی نەوتەکە زیانی ١٢ ملیار دۆلاری هەبووە.













گەلەری